Erbil 23°C ھەینی 20 ئەیلوول 19:34

178 خوێندکاری ئاوارەی سووریا لە زانکۆکانی کوردستان درێژە بەخوێندن ده‌دەن

کرێی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە دابین کراوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/11/2017، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا باس لەوە ده‌كات، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی خوێندنی (2017-2018) ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر وەرگرتنی 178 خوێندکاری ئاوارەی سووریا و وڵاتانی دیکە، بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن، وەرگرتنی ئەو خوێندکارانەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی یەکێتیی ئەورووپا دێت، کە بۆ خوێندکارانی ئاوارەی سووریا، کە بڕەکەی نزیکەی 350  ھەزار دۆلاری ئەمریکی دەبێت، کە وەک کرێی خوێندن بۆ ھەر ساڵێکی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە دابین کراوە.

ئارام ئیبراھیم، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاندووە: "لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تایبەتەوە، یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ڕێکخراوی پەنابەرانی جیھانی (UNHCR)، گرانتێکی گەورەیان بۆ گەنجانی ئاوارەکانی سووریا تەرخان کرد، بەتایبەت ئەوانەی کە ئارەزووی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتەکانی تورکیا، لوبنان، میسر و ئوردن و ھەرێمی کوردستان، دەکەن بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی ئەو وڵاتانە بخوێنن".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ئەم بەرنامەیە (کرێی خوێندن، تێچووی ژیان و مانەوە، ھاتوچۆ و بیمەی تەندروستی) دەگرێتەوە، ھەر لەو چوارچێوەیەدا وەک بەشی یەکەمی ئەو پڕۆگرامە یەکێتیی ئەورووپا ساڵی ڕابردوو بڕی (264،684) 264 ھەزار و 684  دۆلاری وەک کرێی خوێندنی ساڵی یەکەمی ئەو خوێندکارانە خستە سەر ئەژماری بانکی زانکۆکان، کە تێیدا 116 خوێندکار لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان وەرگیران.

بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەشڵێت: "بۆ ئەمساڵی خوێندن پرۆسەکە بەردەوامی ھەیە و بە فەرمانی وزاریی ژمارە (17340) لە بەرواری 29/11/2017، د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر وەرگرتنی 148 خوێندکاری ئاوارەی سووریا و 30 خوێندکاری دیکەی وڵاتان بە سیستەمی پارالێڵ لە زانکۆکانی (دھۆک، پۆلیتەکنیکی دھۆک، زاخۆ، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سەڵاحەددین/ ھەولێر، ھەولێری پزیشکی، پۆلیتەکنیکی ھەولێر، کۆیە و سۆران)، بەو شێوەیە کۆی گشتی وەرگیراوان بۆ ئەمساڵی خوێندن گەیشتە178  خوێندکار، لە بەرامبەردا وەک قۆناغی یەکەم یەکێتیی ئەورووپا نزیکەی 350 ھەزار دۆلاری ئەمریکی وەک کرێی خوێندنی ساڵی یەکەمی ئەو خوێندکارانە تەرخان کرد، ئەوە جگە لە (کرێی ژیان و مانەوە، ھاتوچۆ و بیمەی تەندروستی)".

ئاشکراشی کرد، کە بەرنامەکە بۆ خوێندکارانی ئاوارەی سووریا لە زانکۆکانی کوردستان بەسیستمی پارالێڵ بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی خوێندکاران خوێندنەکانیان تەواو دەکەن.

ئارام ئیبراھیم ڕوونیشی کردووەتەوە، کە وەرگرتنی ئەو ژمارەیە خوێندکارە جگە لەوەی لە ڕووی داراییەوە بەسوود دەبێ بۆ زانکۆکانی کوردستان، لەھەمان کاتیشدا ھێنانی خوێندکاری نێودەوڵەتی و تێکەڵبوونیان بە زانکۆکانی کوردستان، لە ڕووی زانستییەوە کاریگەری دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردنی ئاستی زیاتری زانکۆکانی کوردستان.

لە ڕابردوودا چەند کۆبونەوەیەکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بەڕێوە چوو، لەو کۆبوونەوانەدا و دوای تاوتوێکردنی چۆنیەتیی وەرگرتنی خوێندکارانی ئاوارەی سووریا، میکانزمێک داڕێژرا بۆ وەرگرتنی ئەو خوێندکارانە لە زانکۆکانی کوردستان، بۆ ئەوەش ڕێکخراوی پەنابەرانی جیھانی (UNHCR) ستایشی ھەوڵ و ھەماھەنگییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات، کە لە قۆناخی دووەمدا و بۆ ساڵی خوێندنی (2017-2018) ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر وەرگرتنی 178 خوێندکار بە شێوەی پارالێڵ لە زانکۆکانی کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.