Erbil 12°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 17:30

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین په‌یامێک ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌کات

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ كو‌نسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی كرد
کوردستان TV
100%

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و په‌ككین ده‌كاته‌وه‌ و هیوای خواستووه‌ هه‌وڵ بدرێت ئه‌و ئارامییه‌ى به‌م دواییه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست بووه‌ بپارێزرێت.

له‌ په‌یامێكدا كه‌ به ‌ڕێگه‌ی كونسوڵی گشتیی وڵاته‌كه‌یان ئاراسته‌ی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، به‌ڕێز وانگ یی هو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و په‌ككین ده‌كاته‌وه‌ و هیوای خواستووه‌ هه‌وڵ بدرێت ئه‌و ئارامییه‌ى به‌م دواییه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست بووه‌ بپارێزرێت، دوور له‌ گرژی به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و مافی هه‌موو پێكهاته‌كان گارانتی بكرێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/11/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز تان بانگلین كو‌نسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا باس له‌ دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرا و به‌ڕێز بانگلین، جیا له‌ گه‌یاندنی په‌یامی به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایشى به‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و په‌یامه‌ی به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و به‌ڕێز كونسوڵی گشتیی چینی كرد كه‌ به‌ باشترین شێوه‌ هه‌وڵی داوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و په‌ككین په‌ره‌پێبدات و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ چین هه‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌ بواری وه‌به‌رهێناندا.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ ئاماده ‌بووه‌ بۆ گفتوگۆ و دیالۆگێكی جددی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌وڵی جددیش ده‌ده‌ن گرژییه‌كان دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌رده‌وام ده‌بن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.