سەرۆک مەسعود بارزانی، لە سەلاحەدین لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ھەولێر، بەرپرس و کارگێڕانی لق و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە، سەرۆك بارزانی گوتی: سەپاندنی ئەمری واقع بە زەبری زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبووڵ نییە و ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە و هەتا سەر نابێت.
ڕۆژی سێشەممە 28ـی 11ـی 2017 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی هەولێر و بەرپرس و كارگێڕانی لق و ناوچەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەندامانی پارلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و ئیداریی پارێزگای هەولێر كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بە تێروتەسەلی باسی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان و ڕیفراندۆم و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم كرد و وردەكاریی ڕووداوەكانی كەركووك و ئەو خیانەتەی شی كردەوە كە لەبەرانبەر گەلی كوردستان و كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام درا.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە هەمیشە دیالۆگ و دانوساندن و چارەسەری ئاشتیانە و دەستووری بژاردەی گەلی كوردستان بووە و پێشێلكردنی بەردەوامی دەستوور و نەهێشتنی شەراكەت لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق وای كردووە كە ئەو بارودۆخە بێتە كایەوە، ئێستایش حكوومەتی هەرێم ئامادەی دانیشتن و دیالۆگە لەگەڵ بەغدا و ئەوەی پێویستە بۆ ڕێگەخۆشكردن بۆ دانوساندن ئەنجامی داوە و سەرگرتنی ئەو پڕۆسەیە دەمێنێتەوە سەر حكوومەتی بەغدا كە واز لە مەرجە تەعجیزییەكانی بهێنێت.
هەروەها ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان دووپات كردەوە كە سەپاندنی ئەمری واقع بە زەبری زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبووڵ نییە و ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە و هەتا سەر نابێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.