ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە وەزارەتی بەرگری ڕۆمانیا کرد یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەربازی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەیدا ئیمزا بکات، هاوکات بریکاری وەزارەتی بەرگری ڕۆمانیا ڕاگەیاند، وڵاتەکەی 50 ئەفسەری سەربازی ڕەوانەی عێراق دهكات بە مەبەستی ڕاهێنان بە سوپای عێراق.
لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی جەعفەری ڕایگەیاند، لە میانی پێشوازیکردن لە نیکۆلای ناستا بریکاری وەزیری بەرگری ڕۆمانیا لە بوخارست، هەردولا گفتوگۆیانکردووە دەربارەی هاریکاری سەربازی نێوان هەردوو وڵات و زیادکردنی ئاستی پەیوەندی سەربازی لە نێوان هەردوو وڵات لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش.
بە گوێرەی بەیاننامەکە جەعفەری جەختیکردووەتەوە لە ئیمزاکردنی یاداشتێکی لێگتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بەرگری هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشداریکردنی هێزەکانی ڕۆمانیا لە بواری ڕاهێنان بە سوپای عێراق و چۆنێتی چارەسەرکردنی بریندار و پێشکەشکردنی فریاگوزاری سەرەتایی، ئاماژەیە بۆ پشتیوانی و هاریکاری ڕاستەقینە لە عێراق.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، نیکۆلای ناستا بریکاری وەزارەتی بەرگری ڕۆمانیا، جەختیکردووەتە لە بەردەوامی هاریکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ سوپای عێراق و بەهێزکردنی تواناکانی سوپاى عێراق.
ناستا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی پابەندە ساڵی داهاتووش هاوکارییەکانی بۆ سوپای عێراق بنێرێت و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لە بریندارەکانی سوپای عێراق لە لایەن نەخۆشخانەکانی ڕۆمانیاوە.
ئاشکرایشکرد وڵاتەکەی بەڵێنی داوە بە ناردنی 50 ئەفسەری سوپا بۆ عێراق، بە مەبەستی ڕاهێنانکردن بە سوپای عێراق.
وڵاتی ڕۆمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی داعش، هاوکاری سوپای عێراقی کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.