Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 02:55

مێسی خه‌ڵاتی پێڵاوی زێڕینی پێبه‌خشرا

خه‌ڵاتی دڵی زێڕینیشی له‌ لایه‌ن منداڵێك به‌ ناوی جوان پێبه‌خشرا
کوردستان TV
100%


لیۆنێل مێسی ئه‌رژه‌نتینی و ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ خه‌ڵاتی پێڵاوی زێڕینی باشترین گۆڵكاری وه‌رزی ڕابردووی خوله‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپای پێبه‌خشرا.

له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا مێسی خه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ لویس سوارێزی ئۆرگوایی و هاوكاره‌كه‌ی له‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ وه‌رگرت كه‌ له‌ وه‌رزی دووهه‌زاروپازده‌ دووهه‌زاروشازده‌ سوارێز هه‌مان خه‌ڵاتی به‌ تۆماركردنی چل گۆڵ به‌ده‌ستهێنابوو.

له‌ وه‌رزی ڕابردووی لالیگا، "مێسی" سیی و حه‌وت گۆڵی تۆماركردو پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی گۆڵكارانی خوله‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپای به‌ده‌ستهێناو پێش" باس دۆستی" هێرشبه‌ری سپۆرتینگ له‌شبۆنه‌و "پیێر ئیمریك ئۆبامیانگی" گۆڵكاری دۆرتمۆندو "ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی" گۆڵكاری بایرن میونشن و "ئیدین دزیكۆی" هێرشبه‌ری ڕۆما كه‌وت و بۆ چواره‌م جار له‌ كاروانی وه‌رزشی خۆی خه‌ڵاته‌كه‌ی پێبه‌خشرا.

له‌م وه‌رزه‌ی خولی ئیسپانیاو له‌ كۆی دوازده‌ گه‌ڕ، ئه‌ستێره‌ ئه‌رژه‌نتینیه‌كه‌ به‌ تۆماركردنی دوازده‌ گۆڵ له‌ پێشه‌نگی ڕیز‌به‌ندی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ دێت.

دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ش "مێسی" گوتی، خه‌ڵاته‌ تاكه‌ كه‌سیه‌كان هه‌رده‌م به‌ كاری به‌كۆمه‌ڵی یاریزانان به‌ده‌ست دێت، بۆیه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ ته‌نها خه‌ڵاتی من نیه‌ به‌ڵكو خه‌ڵاتی هه‌موو یاریزانانی به‌رشلۆنه‌یه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وان نه‌مده‌توانی به‌ده‌ستی بێنم.

سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی پێڵاوی زێڕین، "مێسی" خه‌ڵاتی دڵی زێڕینیشی له‌ لایه‌ن منداڵێك به‌ ناوی جوان پێبه‌خشرا، ئه‌ویش بۆ ڕۆڵی یاریزانه‌كه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بۆ كه‌سانی نه‌خۆش و یارمه‌تیدانی نه‌خۆشخانه‌كان.

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.