Erbil 30°C دووشەممە 16 ئەیلوول 21:56

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی عێراق کۆدەبێتەوە

دواتر ڕاگەیاندراوێک لەبارەی دۆخی عێراق ده‌رده‌كات
کوردستان TV
100%

بە گوێرەی کارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ئەنجومەنەکە بە سەرۆکایەتیی ئیتاڵیا پێوەست بە ڕەوشی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەنجومەنەکە لەسەر دۆخی عێراق وەک کۆبوونەوەیەکی دەوری، تاوتوێی دۆخی ئێستای عێراق دەکات و پێشبینیکراوە کە لە دوای کۆبوونەوەکە، ڕاگەیاندراوێک لەبارەی دۆخی هەولێر و بەغداش دەربچێت.

ئەنجومەنەکە لە مانگی ڕابردوودا بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیاندراوێکی ڕاگەیاند، کە تێیدا داوای کرد هەولێر و بەغدا دیالۆگ بکەن و شەڕ ڕابگرن.

بۆ ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەکەدا پشت بە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە عێراق دەبەسترێت، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دوا ڕەوشی عێراق لە شەڕی تیرۆر و بارگرژییەکان سەرنجی لەسەر دراوە.

سەبارەت بە پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغداش ئەنجومەنەکە قسەی نوێی دەبێت، کە پێ دەچێت زیاتر پێداگری لەسەر دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بکات.

ئەوەی تا ئێستا دیارنییە ئایا ئیتاڵیا سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەی دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکە  ئەو ڕاپۆرتانە بە هەند وەردەگرێت، کە کریستیانەکان لە ڕێگەی کەنیسەکانەوە پێیان داون و خستوویەتییە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەکە؟ بەڵام ئەوەی کە روونە کۆبوونەوەکە لە بەرنامەی کاردا نووسراوە (پرسی پێوەندار بە عێراق).

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 5 دەوڵەتی هەمیشەیی پێک دێت کە هەریەک لە ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا و چین لەخۆ دەگرێت.

هەروەها 10 دەوڵەتی دیکەی ئەندامی ئەنجومەنەکەش لەخۆ دەگرێت، کە کاتین، واتە بە گوێرەی کات دەتوانرێت ئەندامەتیان لە ئەنجومەنەکە نەمێنێت و دەوڵەتی دیکە شوێنیان بگرێتەوە.

ئێستا ئەو 10 دەوڵەتەی بە کاتی ئەندامن، بریتین لە بۆلیڤیا، میسر، ئەسیوپیا، ئیتاڵیا، یابان، کازاخستان، سنگال، سوید، ئۆکرانیا، ئۆرۆگوای.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.