ئەمڕۆ ههینی مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برێت مەکگورک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش کرد.
لە میانەی دیدارەکەیاندا برێت مەکگورک لە پەیوەندی بە دوا پەرەسەندنە سەربازی و گرژیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند: کە ئەمەریکا هەر جۆرە پەنا بردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان ڕەتدەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گرژیەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوولا دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لەسەر بنەمای دەستور کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
برێت مەکگورک هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی دەستوری دووپات کردەوە و وتی خوازیارن هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی وبە هێزەوە لە چوارچێوەی دەستوور لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت و جەختیشی لە هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی هەرێم و ئەمەریکا کردەوە.
لە میانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی وێڕای جەخت کردنی لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای بە رێگە چارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێستاش خوازیارە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووه بۆ ئاستی ئیداری و سیاسی بگوازرێنەوە.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە ئاماژە بە دوا گرژیە سەربازیەکان وتی: جێبەجێ کردنی دەستور بە ئامرازە نادەستوریەکان ناکرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و لەیەک گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.