Erbil -2°C شەممە 04 کانوونی دووەم 05:46

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا بنه‌مای دیالۆگیان دووپات کرده‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا
نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بنه‌مای دیالۆگیان دووپات كرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/11/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ڕامۆن بلیكوا باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ عیراق و خاتوو كلاریس پاستوری، به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌ی بوو، به‌ڕێز بلیكوا خۆشحاڵیی خۆى به‌ دووه‌م سه‌ردانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و سه‌ره‌خۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌ی شه‌وی ڕابردووه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ئاماده‌ییی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه‌ نیشان دا.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ڕۆڵی خۆیان له‌ زه‌مینه‌سازی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی جددی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ببینن، خۆشحاڵیی خۆیشیان بۆ ئارامیی هێڵی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ده‌ربڕی و بارودۆخی ئێستایان بۆ ئه‌نجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆ به گونجاو زانی.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌ڵوێستی به‌ڕێز باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای له‌ عیراق كرد، نیگه‌رانیی خۆیشی به‌رامبه‌ر ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراق ده‌ربڕی كه‌ تیایدا پێشێلكارییه‌كی زۆر به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، به‌ پێویستیشی زانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاریی خه‌ڵكی كوردستان بێت تا له‌مه‌ودوا غه‌درێ لێنه‌كرێ و ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نیشان دا.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.