Erbil 35°C دووشەممە 09 ئەیلوول 22:18

هه‌ژموونى ئێران فراوان ده‌بێت و پێشبینى گرکانێکى به‌هێز له‌ناوچه‌که‌ ده‌کرێت

ئێران: شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵبگیرسێت، ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی ئیسرائیل
کوردستان TV
100%

 

حوسێن سه‌لامی، جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند، هه‌ر شه‌ڕێكی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵبگیرسێت، له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی ئیسرائیل.

سه‌لامی له‌ میانی پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا وێنای كردووه‌ و وا ده‌زانێت ئێران ده‌ستبه‌رداری هێزی سه‌ربازی ده‌بێت، خه‌ونیكی منداڵانه‌یه‌ و ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت هیچ كارێكی "گه‌مژانه‌" له‌ دژی ئێران ئه‌نجام بدات.

حوسێن سه‌لامی گوتیشی: "هه‌ر پیلانگێڕییه‌كی دوژمن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شۆڕش و ئیسلام ته‌واو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر مێژوو هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ ده‌بینین چۆن گه‌لی ئێران توانیویه‌تی له‌ گه‌یشتن به‌ سه‌قامگیری و سه‌ربه‌خۆیی له‌ سه‌ختترین قۆناغه‌كاندا چۆن خۆی راگرتووه‌‌".

هاوكات پێگه‌ و هه‌ژموونی وڵاته‌كه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌شارده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویسته‌ جیهان ئه‌و توانایه‌ی ئێران قه‌بووڵ بكات، كه‌ رۆڵێكی گرنگی له‌ ناوچه‌كه‌ گێڕاوه‌.

گوتیشی: "رۆڵی ئێران له‌ باكووری ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ تا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، روونه‌ و ئینكاری له‌ رۆڵی وڵاته‌كه‌مان له‌ سووریا و عێراق و لوبنان ناكرێت".

به‌پێى سه‌رچاوه‌كان ئێران ده‌یه‌وێت پردى شیعى ته‌واو بكات كه‌ له‌ سنوورى ئێرانه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست. له‌و ناوچه‌یه‌شدا 200 هه‌زار چه‌كدارى میلیشیایى سه‌ر به‌ ئێران بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و به‌ ته‌واوكردنى ئه‌و پرده‌ ئێران به‌ خێرایى و به‌ ئاسانى ده‌توانێت چه‌ك و پێداویستى سه‌ربازى بگه‌یه‌نێته‌ سنوورى ئیسرائیل.بۆیه‌ به‌پێى وتوى شاره‌زایان دوور نیه‌  به‌ریه‌ككه‌وتنێك رووبدات له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ سه‌ر بكێشێت بۆ هه‌ڵچوونێكى گڕكانى له‌ ناوچه‌كه‌دا.

هه‌روه‌ها گه‌یشتنى هێزه‌كانى ئێران بۆ دوورى 10 تا 20 كیلۆمه‌تر له‌ سنووره‌كانى ئیسرائیل، ره‌وشێك دێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ هه‌رگیز سه‌قامگیرى به‌ خۆوه‌ نابینێت.

هه‌ر ئه‌مرۆ ته‌له‌ڤزیۆنی "العربیه‌"ی سعوودی، هه‌وڵێكی تیرۆركردنی سه‌عد حه‌ریری، سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان، كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ستی له‌ كاركێشایه‌وه‌، ئاشكرا ده‌كات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا، له‌ به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان، پیلانی تیرۆركردنی حه‌ریری داڕێژرابوو، هه‌وڵیشی بۆ درا، به‌ڵام دواجار سه‌ری نه‌گرت.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی لوبنان، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، باسی له‌ رۆڵی ئێران كرد له‌ ناوچه‌كه‌ و گوتی: "ئێران ده‌یه‌وێت جیهانی عه‌ره‌بی وێران بكات".
 

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.