Erbil 7°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 05:41

پەرلەمانی کوردستان وەڵامی نامەکەی سه‌رۆک بارزانی دەداتەوە

پەرلەمانی کوردستان نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات
کوردستان TV
100%

پەرلەمانی کوردستان وەڵامی نامەکەی سه‌رۆك بارزانی دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، پەرلەمانی کوردستان به‌ گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پێشنیاره‌كه‌تان سه‌باره‌ت به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام بوون له‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌موارنه‌كردنی یاساكه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی دیكه‌.

دەقی نامەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ سه‌رۆك بارزانی

بۆ/ زۆر به‌ڕێز ســــه‌رۆك مەسعود بارزانی
سڵاو و رێز.....
دوای گه‌یشتنی نامه‌ی جه‌نابتان له‌ رۆژی 28/10/2017، له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 29/10/2017 په‌رله‌مانی كوردستان ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌.

په‌رله‌مانی كوردستان به‌ گرینگه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پێشنیاره‌كه‌تان سه‌باره‌ت به‌ (ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام بوون له‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌موارنه‌كردنی یاساكه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی دیكه‌).

هه‌ر بۆیه‌ش سه‌رجه‌م رێكاره‌ یاساییه‌كان له‌به‌ر رۆشنایی نامه‌كه‌ی جه‌نابتان ته‌واوكران و یاساكه‌ش په‌سه‌ندكرا.

ئه‌م بڕیاره‌ مێژووییه‌تان بۆ رێزگرتن له‌ یاسا و پره‌نسیپی دیموكراسی و قوربانیدان له‌ پێناوی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان به‌رز ده‌نرخێنین، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك ئێستادا كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان و هه‌رێمی كوردستان پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت.

به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان پێكردووه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی گیان فیدای خاك و گه‌له‌كه‌مان و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر پێشهاتێك كه‌ دێته‌ به‌رده‌م گه‌له‌كه‌مان، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م بڕیاره‌ كۆتاییه‌تان به‌رز ده‌نرخێنین و، دڵنیاین جێهێشتنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ڕێزتان له‌به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م قۆناغه‌ دوورناخه‌ته‌وه‌ و وه‌ك چۆن ژیانی خۆتان بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتیمان ته‌رخانكردووه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه‌ به‌رزترین پایه‌ی خه‌باته‌ و، هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێزتان بۆ به‌دیهێنانی خواستی گه‌له‌كه‌مان له‌ مافی چاره‌خۆنووسین و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكرا و پاراستنی ئه‌زموونی حوكمڕانی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانی و سه‌رپه‌رشتیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ به‌ گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆرستان له‌ جه‌نگی دژی رێكخراوی تیرۆرستی (داعش) هه‌میشه‌ به‌ گه‌شاوه‌یی ده‌مینێته‌وه‌ و وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ مێژووییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان لێ ده‌ڕواندرێت.

له‌ كۆتاییدا په‌رله‌مانی كوردستان وێڕایی ده‌ربڕینی رێز و پێزانین بۆ خه‌بات و ماندووبونتان زۆر به‌ گه‌وره‌ییش ده‌ڕوانێته‌ نامه‌كه‌تان و، بۆ ئایینده‌ش هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازین له‌ ئه‌ركی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تیدا.
له‌گه‌ڵ رێزدا

په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.