Erbil 25°C ھەینی 20 ئەیلوول 05:41

نێچیرڤان بارزانی: بەدڵنیاییەوە کێشەی مووچە چارەسەر دەکەین

150 هەزار کەس لە کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە ئاوارە بوون
کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر کێشە لە پێدانی مووچەدا دروست بێ، ئەوا لە ماوەیەکی كه‌مدا چارەسەر دەکرێت و مووچە دەدرێت.

نێچیرڤان بارزانی: بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عێراق ئاستەنگ بۆ گفتوگۆکانمان دروست دەکات.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە یەکڕیزی دەتوانین قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان تێپەڕێنین و ئاشکرای کرد کە هەموو هەوڵێک بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەدەن.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی وەزیران دیراسەی ژمارەی ئاوارەکانمان کرد کە 150 هەزار کەس لە کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە ئاوارە بوون. هیوادارین دۆخێک بخولقێت کە ئەو کەسانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە. بۆ ئاوارەکان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هێڵین و بەڵێنیان داوە یارمەتیدەر بن“.

ئاماژەشی بەوە کرد کە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت. بابەتی چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، هەم وڵاتانی دەرەوە و ئایەتوڵا سیستانی و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش جەختیان لێ کردووەتەوە.

هیواشی خواست عێراق پابەندی ئەوە بێت کە کێشەکان بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. گوتیشی: وادەی ناردنی شاندی ئێمە بۆ بەغدا روون نییە و چاوەڕێی وەڵامی بەغدا دەکەین و ئەگەر جواب بدەنەوە، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و دانیشتنێکی جددی دەکەین و کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئیشەڵا چارەسەر دەکرێ.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: لە هەندێک شوێندا ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بەردەوامە کە بەداخەوە هەم کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ئەو شوێنانە دەکات و هەمیش کێشە بۆ پرۆسەی دیالۆگ دروست دەبێت. هیوادارین دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن بکەین.
 
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە باشتربوونی دۆخی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ”دۆخەکە ئیشەڵا باش دەبێ. کورد دۆخی لەمە خراپتریشمان دیوە و لێی دەرباز بووین. ئەوەی گرنگە چۆن لەم دۆخە دەرباز دەبین. یەکێتیی ڕیزەکانی گەلی کوردستان گرنگە. ئەگەر یەکڕیز بین، دەتوانین لەم دۆخە سەختە دەرباز بین. ئەمڕۆ هیچ کاتی ئەوە نییە کەس کەس تۆمەتبار بکات، کاتی یەکڕیزی و کۆدەنگییە. ئەو کاتەیە هەمووان پێکەوە کار بکەین.

پێشوازیشی لە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ڕووسیا و کۆمپانیاکانی دیکە، گرێبەستی کارکردنە و پەیوەندی بە بابەتی سیاسییەوە نییە، بەڵکوو ”هاتوون کاری وەبەرهێنان بکەن کە بەپێی یاسا و دەستووری عێراق مافی خۆمانە ئەمە بکەین و سوپاسی هەر وڵاتێک دەکەین کە پشتیوانی لە خەڵکی ئێمە بکات.

لە کۆتاییشدا لەبارەی ئەگەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕەنگە هەندێک کێشەی تێبکەوێت، بەڵام پارە دەدرێ، ئەگەر دواکەوتنیش ڕووبدات، ڕەنگە زۆر کورت بێت.

ئا: سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.