محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، تاران چەندین پەیامی لە وڵاتانی دراوسێوە پێگەیشتووە سەبارەت بە داڕشتنی ڕێکخستنی ئەمنیی نوێ و هەماهەنگی ئابووری لە ناوچەکەدا.
قالیباف لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دەسپێشخەرییانە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچەکە هەست بە مەترسی دەکەن و دەیانەوێت لە ڕێگەی هاوکاریی دووقۆڵییەوە ئاسایشی خۆیان بپارێزن.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی توندی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی کە ئاسایشی هەموو هاوپەیمانەکانی خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە. بە وتەی قالیباف، سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش وایکردووە بیر لە جێگرەوەی نوێ بکەنەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابوورییان بەبێ پشت بەستن بە هێزە دەرەکییەکان.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانکارییەکی سیاسی و دیپلۆماسی خێرادا تێپەڕ دەبێت. ئێران لەم دواییانەدا هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو چڕتر کردووەتەوە. تاران بەردەوام ئەمریکا بە سەرچاوەی سەرەکیی نائارامی ناوچەکە دەناسێنێت و داوا دەکات سیستمێکی ئەمنیی ناوچەیی بەبێ دەستێوەردانی واشنتن دابڕێژرێت تاوەکو سەقامگیرییەکی هەمیشەیی جێگیر ببێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.