ئەمڕۆ چوارشەممە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەیاننامەیەكی لە دژی دوو كەناڵی تەلەڤزیۆنی كوردستان بڵاوكردەوە، بەهۆی ئەوە هەردوو كەناڵەكە ڕاستییەكان لەبارەی دۆخی كەركووك بۆ جیهان دەگوازنەوە.
هێزە عێراقییەكان بە بیانووی ئەوەی هەردوو كەناڵی (كوردستان24) و (ڕووداو) ڕای گشتی تووشی نیگەرانی دەكەن و (ڕقوكینە) بڵاو دەكەنەوە، رایگهیاند:" پێویستە ڕێگریان لێ بكرێت و مۆڵەتی كاركردنیان پێنەدرێت.
ئەم راگەیاندنەی هێزە عێراقییەكان پێدەچێ بەشێك بێت لەو دەستەی لە پشتەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سووڕانەوە و شاری كەركووكیان ڕادەستی حەشدی شەعبی و عێراقییەكان كردەوە، ئێستاش ڕێگری لە گواستنەوەی ڕاستییەكان دەكەن لەلایەن هەردوو كەناڵە كوردستانیەكە.
جێی باسە لە ماوەی رووداوە تاڵەكانی چەند رۆژی رابردوودا، تەنها چەند كەناڵێكی كوردی نزیك لە حەشدی شەعبی و لایەنێكی دیاریكراو ڕێگەیان پێدەدرا لەناوچە گەرمەكانی شەڕ لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی لە نزیكەوە رووماڵ بكەن.
لە كۆتاییدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق داوای لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق كردووە هەموو ڕێگەپێدانەكانی ئەم دوو كەناڵە بكێشنەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، چاوەڕوان دەكرێ مەترسی بكەوێتە سەر گیانی پەیامنێرانی دوو كەناڵەكە، لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی و هێزە تێكەڵ و بێسەروبەرەكانی عێراقەوە.
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.