سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئاماژە بەوە دەدات کە ژیانی کەرکووکییەکان پارێزراو نییە و ”دەسەڵاتمان بەسەر حەشدی شەعبیدا نییە“.
ئازاد جەباری، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "لە ناو شاری کەرکووکدا شتی زۆر ڕوو دەدەن و حەشدی شەعبی لە زۆرێک لە شوێنەکانی ناوشار بازگەیان داناوە و کۆمەڵێ کاری نایاسایی دەکەن، لەڕاستیشدا نازانین دۆخەکە بە کوێ دەگات".
سەرۆکی لێژنەی ئەمنی کەرکووک، جەختی لەوەش کردەوە، کە ژیانی ھاووڵاتییانی کەرکووک پارێزراو نییە و دەڵێت: "ئەگەر ماڵەکانیان تاڵان بکرێ و یاری بە کەرامەتیان بکرێ، چۆن ژیانیان پارێزراو دەبێ، بەڵام پێویستە لەسەرووی ئەمانەشەوە بەرگە بگرین".
ئەوەشی خستە روو: "لەم ڕۆژانەدا پارێزگاری نوێ بۆ کەرکووک ھەڵدەبژێردرێ، داواشمان کردووە کە حەشدی شەعبی لە کەرکووک نەمێنێت، بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونکە ئەگەر وانەبێ ئەو خەڵکە تووشی دەیان کێشە دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی ئێستا لە ناو کەرکووکدا ھیچ دەسەڵاتـێکی نییە".
ڕۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران، بە ھاوکاری لایەنێکی دیاریکراو، ھاتنە ناو شاری کەرکووک و داگیریان کرد، بەو ھۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی کەرکووک شارەکەیان بەجێھێشت.
ئەمڕۆ چوارشەممەش کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ئاشکرای کرد: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتییە“ کە مەبەستی ئەو بەرپرسانەی حزبەکەیەتی کە لەگەڵ حەشدی شەعبی ڕێککەوتن، شاری کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کرد.
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.