بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاشکرای کرد، کەسانی بیانی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هێندراونەتە سنووری کەرکووک و خەریکی ئامادەکاریی زیاترن بۆ شەڕکردن لە دژی پێشمەرگە.
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ڕایگەیاند: ”ئێستا پێشمەرگە و حەشدی شەعبی زۆر لەیەک نزیک بوونەتەوە و ئەوان هەوڵ دەدەن هێزەکان بترسێنن و بێ شەڕ بێنە پێشەوە، بەڵام بۆیان ناچێتە سەر، بۆیە ئامادەکاری دەکەن و هەوڵی زیادکردنی هێزەکانیان و خۆپڕچەککردنی زیاتر دەدەن، لە ڕاگەیاندنەکانیش درۆ دەکەن و دەڵێن بە نیازی هیچ نین، بەڵام ئەگەر بە تەمای هیچ نین بۆچی ئەو هەموو چەک و تەقەمەنی و ئامادەکارییە دەکەن.
کەمال کەرکووکی لە لێدوانەکدا بۆ کەناڵی کوردستان 24، ئەوەی ئاشکرا کرد کە کەسانێکی بیانی لەگەڵ حەشدی شەعبی دان ، کە عەرەبی نازانن و پیلانگێڕی دژی کوردستان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە حکوومەتی عێراق فێڵی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کردووە و کەسانێکی زۆری لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا ناردووە تاوەکو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕاهێنانیان پێ بکات.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە بە تەواوی ئامادەیە و حەشدی شەعبی هیچ بوارێکی سەرکەوتنی بەسەر پێشمەرگەدا نییە و پێشمەرگەش پلانی خۆی هەیە و زۆر بە توندی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.