ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە، پایتەختی خەلافەتی داعش لە سووریا بەردەوامە، گوتەبێژی یەپەگەش دەڵێت رەنگە رۆژی یەکشەممە شارەکە بەتەواوەتی لە داعش پاکبکەنەوە و سەرکەوتنە گەورەکە رابگەیێنن.
کۆتایی داعش لە رەققەی پایتەخت زۆر نزیکە و تەنیا دوو ناوچەیان بەدەستەوە ماون، ئەوانیش شەڕیان تێدایە. گوتەبێژی یەپەگەش دەڵێت رەنگە رۆژی یەکشەممە شارەکە بەتەواوەتی لە داعش پاکبکەنەوە و سەرکەوتنە گەورەکە رابگەیێنن.
نووری مەحموود، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG کە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتە، رۆژی شەممە 14-10-2017 رایگەیاند، کۆتایی داعش لە رەققە نزیکە و رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی بەتەواوەتی شارەکە لە چەکدارانی داعش پاکبکرێتەوە.
لە شەڕەکانی ئەمڕۆدا 23 چەکداری داعش کوژراون، ئێستاش تەنیا دەوروبەری نەخۆشخانەی نیشتمانی و یاریگای رەش بەدەست داعشەوە ماون. سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن ئەو چەکدارانەى خەڵکى رەقە بوون خۆیان رادەستى شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات HSD کردووە و تەنیا چەکدارە بیانییەکانى داعش ماون، ژمارەی ئەوانیش نزیکەى 200 بۆ 300 چەکدار دەبێت.
گوتەبێژی یەپەگە گوتیشی: ئەو چەکدارانەى داعش کە لە شارەکەدا ماون هیچ رێگایەکیان بۆ هەڵاتن نەماوە، یان دەبێت بکوژرێن یان دەبێت خۆیان بەدەستەوە بدەن.
رۆژی 6-6-2017، هەسەدە بەهاوكاری ئەمریکا و هێزەكانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققەی دەستپێكرد.
كوردستان تیڤی / سامان زاهیر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.