Erbil 15°C یەکشەممە 30 حوزەیران 09:46

مام جلال له‌ ئه‌ڵمانیا کۆچیی دوایی کرد

مام جەلال له‌ شۆڕشی ئەیلوول رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە
کوردستان TV
100%

جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد، ئەمڕۆ سێ شەممە، میدیای فەرمی یەکێتی، کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی بڵاوکردەوە.

مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی 17-12-2012 لە بەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی 19-7-2014 گەڕایەوە سلێمانی.

پاشان جارێکی دیکە بۆ هەمان مەبەست گه‌یه‌ندرایه‌وه‌ ئەڵمانیا، دواتر برایە نەمسا، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2016ەش گەڕایەوە کوردستان و باری تەندروستی باشتر بوو، لەوکاته‌شه‌وه‌ تاوەکو ئێستا ناوەناوە سەرکردە و کەسایەتییەکان سەردانیان دەکرد.

مانگی تەمموزی ئەمساڵیش له‌سه‌ر بانگهێشتی لێپرسراوانی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانێکی دۆستانەی بۆ تاران ئەنجامدا.

به‌شێك له‌ ژیاننامه‌ی مام جه‌لال

جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی، کوڕی خەدیجە و ناسراو بە مام جەلال، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە.

له‌ ساڵی 1959 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و لە کاری سیاسیش بەردەوام بووە.
 
مام جەلال لە ناوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت. لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی 1961، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.

لە ساڵی 1946 دا لەگەڵ چەند ھاوڕ‌ێیەکی خوێندکار و بە ئامۆژگاری یەکێک لە مامۆستاکانی کۆمەڵەیەکی فێرکاری نھێنی دامەزراندبە ناوی ( کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە ) ( k.p.x ) و مام جەلال بە سکرتێری ھەڵبژاردرا، ئامانجێکی کۆمەڵەکە ھاندانی خوێندکاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەکی.

لە ھەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە 16 / ی ئابی 1946 کەوتە ژێر کاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێکخستنەکانیدا کەوتە چالاکی خوێندکارانە.

دوای چوونە ناوکاری سیاسییەوە، رۆژنامەی ( رزگاری ) کە پارتی دیموکراتی کورد بە نھێنی دەریدەکرد، کورتە وتاری لەژێر نازناوی ( ئاگر ) دا بۆ بڵاو دەکردەوە.

ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کورد و چالاک و لێھاتوو بوو لەو ئەرک و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

ساڵی 1948 ھەڵبژاردنێکی گشتی خوێندکاران ئەنجامدرا بۆ ھەڵبژادنی نوێنەرانی کۆنگرەی گشتی.

تاڵەبانی بەنوێنەری خوێندکارانی کۆیە ھەڵبژێردرا و بەشداری لە یەکەمین کۆنگرەی خوێندکارانی عیراقداکرد کە لە نیسانی ١٩٤٨ لە گۆڕ‌ەپانی ( السباع ) ی شاری بەغداد بەسترا.

* ساڵی 1949 تاڵەبانی لەحزبدا سەرکەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە.

لە شوباتی 1951 دا و لە کۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی ھەڵبژێردرا، بەڵام پلەکەی خۆی بە ھەڤاڵێکی خۆی بەخشی کە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە کۆنگرەدا کردبوو.

ساڵی 1952 چووە کۆلیژی ماف ( حقوق ) لەبەغداد کە ئەو دەمە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێکخستنەکانی حزب تۆکمە بکاتەوە.

لە کانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی کرد و لە کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی قوتابیانی کوردستان ھەڵبژێردرا و لە ھەمان ساڵیشدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ( یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان )، ھەر لەو کاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نھێنێ و ئاشکراکانی عیراقی.

ساڵی 1954 بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.

ساڵی 1955 سەفەری دەرەوەی عیراقی کرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیھانی لە وارشۆ بەشداری کرد و لەوێوە سەردانی یەکێتی شوورەوی ئەوسا و چینی کرد.

ساڵی 1956 کەوتە خەباتی ژێر زەمینی و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی ما فدا خوێندن بەجێبھێڵێت.

لە یەکەمین رۆژی سەرکەوتنی شۆڕ‌شی 14 /ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێکخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی کرد و بە ھاوکاری ھەڤاڵانی حزب لە نێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداریی لە کاروباری مەکتەبی سیاسی و دەرکردنی گۆڤاری ( رزگاری ) ( التحریر ) دا کرد، ھەروەھا ئەرکی ئەو خەباتەی لە ئەستۆ گرت کە لە نێو ریزەکانی حزبدا فراوان دەبوو، وەک پێویستییەکی بوونی حزبێکی پێشڕ‌ەوی کوردستانی و رێکخراوە پێشەییەکان بەرھەڵستکاری کردنی ئەو ھەوڵانەی کە دەیانویست پارتی دیموکراتی کوردستان بکەنە پاشکۆی حزبێکی عیراقی.

ساڵی 1959 جارێکی تر بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتدا ئە فسەری یەدەکی کەتیبەی چوارەمی تانک بوو، ھەروەھا بەشداری لە دەرکردنی رۆژنامەی ( خەبات ) دا دەکرد کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بە ناوی (پیرۆت) ەوە وتاری تێدا بڵاودەکردەوە.

ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو کە خولێکی ھۆشیاری بۆ کادێرەکان کردەوە.

ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی (کوردستان)و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی ھەمان ساڵدا وتارێکی دژی دیکتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە مەلا مستەفا، کرد.

لە ئەیلولی 1961 دا کە شۆڕ‌ش ھەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو.

لە نەورۆزی 1962دا، سەرکردایەتی ئەو ھێڕ‌شە بەر فراوانەی کرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەست بەسەر ھەموو بنکەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و ھێزەکانی بەرەو قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەکەیان ئازاد کرد.

ساڵێ 1963 و دوای کودەتا رەشەکەی شوبات، مام جەلال بەسەرۆکی وەفدی کوردی دەستنیشانکرا بۆگفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی تازەدا کە لەسەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی رەوایکورد نیشاندا، ھەروەھا سەردانی کۆماری میسری و جەزائیری کردو چاوی بەعەبدولناسر و بن بێلا کەوت و لە ھەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای کرد و نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی کوردستانی کرد و سەرکەوتوو بوو بۆ ناساندنی کێشەی کورد و ئاشکرا کردنی بارودۆخی کوردستان و کۆکردنەوەی یارمەتی و ھاوکاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیکسلۆ فاکیا و نەمسا.

ساڵی 1964 گەڕ‌ایەوە کوردستان و ئەرکی خۆی لە فەرماندەیی کردنی ھێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.

ساڵی 1967 بەشداری لە کۆڕ‌ی ( ئیشتراکیەکانی عەرەب ) کرد لە جەزائیر و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بە پێزی دەربارەی کێشەی کورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و دۆستایەتی نێوان کورد و عەرەب پێشکەشکرد.

ساڵی 1970 رۆڵی کاریگەری خۆی بینی لە یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناکۆکیەکی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا ھەبوو.

ساڵی 1972 سە فەری دەرەوەی عیراقی کرد و ماوەیەک لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی کورد کە لە ئەنجامی رێکەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزا کرا، تاڵەبانی ھەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

لە 1 / 6 / 1975 لە دیمەشق لەگەڵ دەستەیەک لە ھەڤاڵانیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دامەزراند، و نەخشەی بۆ ھەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا کە لە 1 / ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنرا، و بووە سکرتێری گشتی یەکێتیی.

دوای ئازادکردنی عێراق بەئەندامی ئەنجوومەنی حوکم ھەڵبژێردرا و لەمانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی کرد.

 لە  6 / نیسانی 2005، مام جەلال 227 دەنگی لە کۆی 248 دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بە دەستھێنا و بە ھەڵبژاردنێکی راستەوخۆ بە یەکەمین سەرۆکی ھەڵبژێراوی عیراق ھەڵبژێردرا.

رۆژی 3-10-2017 لەئەڵمانیا لەتەمەنی ٨٤ساڵیدا بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان / سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.