Erbil 16°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 21:15

نێچیرڤان بارزانی بۆ که‌ناڵی (RT)ی ڕووسی: تا ئه‌م ساتە سوورین له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم‌

نێچیرڤان بارزانی : تا ئه‌م ساتە سوورین له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم‌
نێچیرڤان بارزانی
کوردستان TV
100%


سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه‌ تێڕوانینی هه‌ولێر و واشنتۆن له‌ هه‌مبه‌ر كاتی گونجاو بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان جیاوازه‌ و هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌مساتەش‌ سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم‌.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (RT)ی ڕووسی، ڕایگه‌یاند: "پێشێلكارییه‌كانی حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی به‌غدا دوای 2003 و ئه‌و سته‌مه‌ی حكوومه‌تی ناوه‌ندی له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان ئه‌نجامی داوه‌، وایان كرد هه‌ولێر بۆ بڕیاری گه‌ل بگه‌ڕێته‌وه‌ و ڕێگه‌ بدات خه‌ڵك خۆی داهاتووی خۆی ده‌ستنیشان بكات".

سه‌باره‌ت به‌ پێشنیاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دواخستنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم، نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: "هیچ پێشنیارێك نه‌كراوه‌ كه‌ بتوانێت گه‌ره‌نتیی داهاتووی كورد بكات و قه‌ناعه‌ت به‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسی كوردستان بێنێت کە جارێكی دیگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ گۆڕه‌پانی عێراقدا."

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به‌ مانای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ڕۆژی دوای ریفراندۆم نایه‌ت، به‌ڵكوو ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ زه‌مینه‌سازی ڕاگه‌یاندنی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ".

به‌ گوته‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نیگه‌رانییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی ڕیفراندۆمه‌وه‌ ته‌نیا ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ شه‌ڕی دژ به‌ چه‌كدارانی داعش، كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش پێشوه‌خته‌ سه‌لماندوویه‌تی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاوبه‌شیكردنی سه‌ربازی له‌ هه‌ر شوێنێك بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ى تیرۆر.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕه‌خنه‌ی له‌ حكومه‌تی عێراق گرت به‌وه‌ی كه‌ سه‌ره‌ڕای قوربانی زۆری كوردستان، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی بێ به‌ش كردووه‌ له‌ هاوكاری سه‌ربازی له‌ كاتێكدا میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به‌رده‌وام چه‌ك و هاوكاری داراییان بۆ ڕه‌وانه‌ كراوه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی به‌غدا بۆ دژایه‌تیكردنی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕایگایاند كه‌ ئه‌م بڕیارانه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ریفراندۆم نابێت.

له‌باره‌ی سنووری دوڵه‌تی داهاتووی كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق، به‌تایبه‌تیش بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ڕیفراندۆم ئامرازێك نییه‌ بۆ دیاریكردنی سنوور، به‌ڵكوو گفتوگۆی جددی و بونیادنه‌رانه‌ی دوای ڕیفراندۆم ده‌ستپێكی جێگیركردنی سنووره‌كان ده‌بێت.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوێكی دیموكراتخوازانه‌یه‌ و كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌ نییه‌ خواسته‌كانی خۆی به‌ زۆر به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی وه‌ك عه‌ره‌ب و توركماندا بسه‌پێنێت. بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی كه‌ركووكیش پرۆسه‌كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت و خه‌ڵكی كه‌ركووك به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ داهاتووی پارێزگاكه‌ دیاری ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانی شه‌ڕێكی ناوخۆی دیكه‌ دوای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، هاوشێوه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ ساڵانی 1990، نێچیرڤان بارزانی ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ بارودۆخی هه‌نووكه‌ی ناخۆی كوردستانیش ڕێگه‌ به‌م جۆره‌ تێكهه‌ڵچوونانه‌ نادات.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه‌ ئایا ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و ئەنقەرە دەبێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "بابه‌تی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا موباله‌غه‌ی تێدا كراوه‌ و وه‌ك مه‌ترسی نیشان ده‌درێت، له‌ كاتێكدا پێویسته‌ بابه‌ته‌كه‌ وه‌ك خۆی نیشان بدرێت و تیشك بخرێتە سەر ئامانجی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و ئه‌و هۆكارانه‌یشی كه‌ كوردی ناچار كردووه‌ بگاتە ئە‌م بڕیاره‌.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا، ڕایگەیاند: "کوردستان ئاماده‌ی گفتوگۆی زیاترە به‌ ئامانجی هێنانه‌دیی تێگه‌یشتنێكی دروست و به‌رده‌وامیدان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا".

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌و بۆچوونانه‌ كرد سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری لكاندنی هه‌رێمی كوردستان دوای سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ كوردستانی سووریا تا ده‌گاته‌ عه‌فرین، گوتیشی "ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ئه‌جێندای كاری هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌ و سنووره‌كانی ئه‌وان پێشوه‌خته‌ دیارن".

له‌ كۆتاییدا و له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئایا ڕێككه‌وتنه‌ بازرگانییه‌كانی نێوان ڕووسیا و هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری وزه‌ كه‌ به‌ ملیاران دۆلار ده‌خه‌ملێندرێن، به‌ مانای پشتگیریی ڕووسیا دێت بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی شی كرده‌وه‌ كه‌ كۆمپانیاكانی وه‌ك (رۆس نه‌فت)ی ڕووسی له‌ چوارچێوه‌ی وه‌به‌رهێنانی بازرگانییه‌وه‌ به‌شدارن له‌ كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ك چۆن وه‌ڵاتانی دیكه‌ش هه‌مان به‌شدارییان هه‌یه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش پێشوازییان لێ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕه‌هه‌ندی ئابووریی هه‌یه،‌ نه‌وه‌ك ڕه‌هه‌ندی سیاسی.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.