Erbil 27°C دووشەممە 03 تشرینی یەکەم 20:52

رۆزنه‌فت فۆکه‌سى جیهان ده‌خاته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان

رۆزنه‌فت پێمان ده‌ڵێت كه‌ ئاینده‌ى كوردستان له‌ گه‌شه‌سه‌ند دایه‌، بۆیه‌ زۆرترین پاره‌ له‌ هه‌رێم خه‌رجده‌كات
کوردستان TV
100%

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا

رۆزنه‌فت كه‌ یه‌كێك له‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانى وه‌به‌رهێنانى نه‌وت له‌ رووسیا و جیهاندا، ئه‌گه‌رچى تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ بوارى وه‌به‌رهێنانى نه‌وته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ته‌ك ئه‌وه‌دا، ده‌كرێ وه‌ك هاوشێوه‌ى ناوه‌ندێكى سیاسى و ستراتیژى سه‌یرى بكرێت، كه‌ كاریگه‌رى به‌سه‌ر سیاسه‌تى جیهانى و به‌ تایبه‌تى رووسیادا هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تى بۆ هه‌رێمى كوردستان كه‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت نییه‌. رۆزنه‌فت به‌ نیسبه‌ت كورده‌وه‌ ته‌نیا كۆمپانیایه‌كى نه‌وتى نییه‌، نه‌خێر ده‌كرێت وه‌ك لایه‌نێكى سیاسیى به‌هێزیش سه‌یرى بكه‌ین، كه‌ ده‌توانێ ركابه‌رێتى سیاسی بكات، چونكه‌ له‌ دونیاى ئێستادا، ئابوورى یانى هه‌موو شت و كاریگه‌رى به‌سه‌ر كۆى جومگه‌كانى دیكه‌ى ده‌وڵه‌تداریدا ده‌بێت، واته‌ رۆزنه‌فتى رووسى ته‌نیا كۆمپانیایه‌كى نه‌وتى نییه‌ بۆ ئێمه‌ى كورد، به‌ڵكو په‌ڵهاویشتنى ستراتیژیى و روئیاى سیاسیى رووسیاشه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان كه‌ ده‌یه‌وێ له‌ رێگه‌ى رۆزنه‌فته‌وه‌ بێته‌ ناو بازنه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان.

رۆزنه‌فت ده‌توانێ فۆكه‌سى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى توركیا و ئه‌وروپا زیاتر بخاته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى كاتێك رووسیا ده‌خوازێت له‌ رێگه‌ى رۆزنه‌فته‌وه‌ بێته‌وه‌ ناو بازنه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى له‌ هه‌رێمدا، ئاخر كاتێك رووسیا له‌ رێگه‌ى رۆزنه‌فته‌وه‌ دێته‌ هه‌رێم، ئه‌وكات خودى ئه‌مه‌ریكاى زلهێزیش، دیسانه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى داده‌چێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا به‌ ئاراسته‌ى زیاتر پاڵپشتیكردن، نه‌ك به‌لاى رووسیادا بچێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێ هه‌رێم له‌ ده‌ستبدات، هه‌ڵبه‌ت رووسیاش تاسه‌ر خۆى له‌ هه‌رێم دوور ناگرێت، ئه‌وه‌تا له‌ رێگه‌ى رۆزنه‌فته‌وه‌ هاتووه‌ته‌ هه‌رێمه‌وه‌ و سه‌رئه‌نجامیش رووسیا و ئه‌مه‌ریكا به‌ دواى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن له‌ هه‌رێمدا، كه‌ ئه‌مه‌ ستراتیژییه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت له‌و پرسه‌دا، كه‌ ده‌توانێ له‌ رێگه‌ى هێنانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ فۆكه‌سى ئه‌وانه‌ بخاته‌ سه‌ر كوردستان.

له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ رۆزنه‌فت پێمان ده‌ڵێت كه‌ ئاینده‌ى كوردستان له‌ گه‌شه‌سه‌ند دایه‌، بۆیه‌ زۆرترین پاره‌ له‌ هه‌رێم خه‌رجده‌كات، چونكه‌ ئه‌وجۆره‌ كۆمپانیایانه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، رۆزنه‌فت یانى رووسیا، ئاخر رووسیا ئه‌گه‌ر نه‌زانێت ئاینده‌ى هه‌رێم چۆن ده‌بێت و چی لێدێت، چۆنچۆنى رێگه‌ به‌ رۆزنه‌فت ده‌دات وه‌به‌رهێنان لێره‌ بكات و بۆڕى گازى راكێشێت؟! هه‌ڵبه‌ت رۆزنه‌فت له‌ رێگه‌ى رووسیاوه‌ زۆرباش دركى به‌وه‌كردووه‌ كه‌ ئاینده‌ى وه‌به‌رهێنانى نه‌وتى له‌ هه‌رێم به‌ ئاراسته‌ى باشدا ده‌چێت و ده‌بێته‌ كێبڕكێیه‌كى به‌هێزیى وڵاتانى وه‌به‌رهێنى نه‌وتى له‌ جیهاندا كه‌ دواتر كاریگه‌رى به‌سه‌ر هه‌ڵوێستى سیاسیش ده‌بێت.

كه‌وایه‌ مادام له‌م قۆناغه‌دا رۆزنه‌فت دێت و زۆرترین پاره‌ له‌ راكێشانى بۆڕى گازیى سرووشتى بۆ توركیا ته‌رخانده‌كات، ئه‌وا ئه‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌، زۆرباش له‌ ئاینده‌ى كوردستان حاڵیبووه‌، ئه‌گینا پاره‌ى خۆى ناخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان چاوده‌بڕنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ى ئایینده‌یان هه‌یه‌، نه‌ك ئه‌و ناوچانه‌ى كێشه‌دارن، راسته‌ ئێستا دۆخى هه‌رێم ئاڵۆزیی تێدایه‌، به‌ڵام رۆزنه‌فت و رووسیا ئه‌ودیوى شته‌كان ده‌بین، ئه‌گه‌ر له‌ ئاینده‌ى هه‌رێم دڵنیا نه‌بن، ئاماده‌ نین پاره‌ و سه‌رمایه‌كانیان لێره‌ بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، كه‌وایه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا، رۆزنه‌فت هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورد ده‌گۆڕێت به‌ ئاستێك كه‌ ئه‌مه‌ریكا و رووسیا پێشبڕكێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كامیان ئاستى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا زیاتر ده‌كه‌ن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.