سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به وه‌زیری ده‌وڵه‌تی شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ی رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیز ده‌رگای له‌سه‌ر دیالۆگ و گفتوگۆ دانه‌خستووه.
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان، ئێواره‌ی دوێنێ، پێشوازی له سامر سه‌بهان، وه‌زیری ده‌وڵه‌تی شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه بۆ كاروباری كه‌نداو كرد.
له دیداره‌كه‌دا وه‌زیری ده‌وڵه‌تی سعوودیه بۆ كاروباری كه‌نداو، ڕێز و سڵاوی پادشای سعودییه و جێنشینی پادشای سعودیه‌ی به سه‌رۆك بارزانی ڕاگه‌یاند و ڕێز و پێزانینی وڵاته‌كه‌ی بۆ گه‌لی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ربڕی.
سامر سه‌بهان، جه‌ختی له به‌رده‌وامی و په‌ره‌پێدانی دۆستایه‌تیی دێرینه‌ی سعودیه و كوردستان كرده‌وه و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی بۆ نێوه‌ندگیری و زه‌مینه‌سازیی گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان كوردستان و به‌غدا، نیشان دا.
له به‌رانبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی وێڕای به‌خێرهێنان، پێزانینی خۆی و گه‌لی كوردستانی بۆ هه‌ڵوێست و گرینگی‌پێدانی پادشای عه‌ره‌بستانی سعودیه و جێنشینی پادشا به كوردستان ده‌ربڕی و ته‌ئكیدی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی نێوان شانشینی سعودیه و كوردستان كرده‌وه.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیز ده‌رگای له‌سه‌ر دیالۆگ و گفتوگۆ دانه‌خستووه.
كوردستان tv : ئا/ رزگار تاهیر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.