Erbil 8°C دووشەممە 06 کانوونی دووەم 05:29

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبۆوە

سەرۆک بارزانی: سەرەڕای ئەو زوڵم و تاوانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان کرا بەڵام گەلەکەمان جوانترین نموونەی لێبوردەیی پێشان دا
سه‌رۆك بارزانی له‌ كه‌ركووك
کوردستان TV
#6
100%

ڕۆژی سێشەممە 12ـی9ـی2017 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کەرکووکی کرد و لەگەڵ نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبۆوە.

لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی بەڕێزان کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک بەڕێوەچوو، سەرۆک بارزانی هۆکارەکانی بڕیاری گەلی کوردستانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ ئامادەبوان ڕوون کردەوە و باسی قۆناخەکانی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لەگەڵ گەلی کوردستان و ئەو کارەساتانەی کرد کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتوون و ڕوونی کردەوە کە بەداخەوە بەهۆی زاڵبوونی فەرهەنگی خۆسەپاندن و نکۆڵیکاری هەموو هەوڵەکانمان بۆ بونیادنانی شەراکەتی ڕاستەقینە و دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکرات و فیدڕاڵ شکستی هێنا.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەو زوڵم و تاوانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان کرا بەڵام گەلەکەمان جوانترین نموونەی لێبوردەیی پێشان دا. ئاماژەشی بەوە دا کە لە راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 سێ فەیلەق لە سوپای عێراق خۆیان ڕادەستی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد، بە باشترین شێوەی مرۆڤایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا. هەروەها سەرکرادەیەتیی سیاسیی کوردستان چووە بەغدا تا گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێم بکات و تەوقەمان لەگەڵ ئەو دەستانە کرد کە تاوانیان دەرهەق گەلی ئێمە ئەنجام دابوو. بەڵام ئەو فەرهەنگی نکۆڵیکارییە بەهیچ شێوەیەک بوونی ئێمەی لە عێراقدا قبوڵ نەبووە.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە بەردەوام ئامانجی گەلی کوردستان ئاشتی بووە نەک جەنگ، لە هیچ رۆژێکدا جەنگ بژاردەی ئێمە نەبووە، بەڵام بەسەرماندا سەپێندراوە. جەختیشی کردەوە کە هەرکاتێک پێویست دەکات قوربانی دەدەین و کاتێکیش پێویست بکات هەنگاوی دیکە بنێین، دوودڵ نابین.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ هەوڵمان دا عێراقێکی نوێی دیموکراسی فرەیی و فیدڕاڵی دروست ببێت. لە هەنگاوەکانی سەرەتادا کە ئەنجوومەنی حوکم لەدوای 2003 دامەزرا، کاتێک نۆرەی من هات قسە بکەم، گوتم: بۆ یەکەمجارە هەست دەکەم سەر بەم وڵاتەم و بەغدا پایتەختی منە، بەڵام قۆناخەکانی دوای ئەوە رێگەی نەدا ئەم هەستە بەردەوام بێت. هەستمان کرد وەکو کورد و وەک کوردستانی ئێمە مەرغوب نین لە بەغدا و نەویستراوین. لە هەمان کاتدا ئێستا دەوڵەتێکی دیموکراسی فیدراڵی نابینین، رووبەڕووی دەوڵەتێکی ئاینی تائیفی دەبینەوە.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە رەوشی عێراق تەحەمولی ئەوە ناکات دەوڵەتێکی تائیفی یاخود مەزهەبی بەڕێوەی ببات. چونکە چەندین ئاینی جیاواز لە عێراقدا هەن. جەختیشی کردەوە کە دەبێت عێراق دەوڵەتێکی مەدەنی بێت بۆ ئەوەی هەموویان هەست بکەن مافیان هەیە و مافەکانیان لەم وڵاتەدا پارێزراوە. ناکرێت شەریعەتی ئیسلام لەسەر مەسیحییەکان بسەپێنرێت یاخود بە پێچەوانەوە، یان ناسنامەی عەرەبی بەسەر کورد و تورکماندا بسەپێنرێت و بە پێچەوانەوەش. هەوڵماندا ناسنامەیەکی عێراقی دروست بکەین کە هەمووان بپارێزیت و هەموومان لەخۆی بگرێت، بەڵام ئەمە رووی نەدا.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پارێزگای کەرکووک کرد و ڕایگەیاند: ڕیفراندۆم بۆ کێشانی سنوور نییە، بەڵکو بۆ گوزارشتکردنە لە ئیرادەی گەلێک و هیوادارم ئەمە لاتان روون بێت. لە کەرکووک یان ناوچەکانی دیکە جگە لە خەڵکی کەرکووک و ناوچەکان خۆیان، کەس بڕیار لەبارەی چارەنووسی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە نادات. لەهەمان کاتدا ناکرێت رێگە بە خەڵکی دیکە بدەین رێگربن لە بەردەم خەڵکی کەرکووک کە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. ئێمە رێز لە بڕیاری خەڵکی کەرکووک دەگرین و لەهەمان کاتدا دەبێت خەڵکی دیکەش رێز لە بڕیاری کەرکووکییەکان بگرن. دووپاتیشی كرده‌وه‌، پێویسته‌ كه‌ركووك وه‌كو نموونه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ژیان نێوان پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بمێنێته‌وه‌. جەختیشی کردەوە کە هیچ پاشگەزبوونەوە و دواخستنێک لە ئارادا نییە و ڕیفراندۆم لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە ٢٥ـی ئەیلوول بەڕێوە دەچێت.

سەرۆک بارزانی باسی شێوەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە دەبێ دەوڵەتێک بێت بۆ هەمووان. لەبەردەم ئێوە و خودادا بەڵێن دەدەین هەموو هەوڵێک دەدەین، دەستووریش بۆ هەمووان دەبێت و دەوڵەتێکی مەدەنی دەبێت، کە تیایدا دادپەروەری و یەکسانی پەیڕەو دەکرێت و دەوڵەتێکی فیدڕاڵیش دەبێت. هەر پارێزگایەک خۆی کاروباری خۆی بەڕێوەببات. ئاماژەشی بەوە دا کە دەستووری کوردستان تێناپەڕێت ئەگەر هەموو پێکهاتەکان پەسندی نەکەن.

دواتر نوێنەرانی پێکهاتەکان پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان خستەڕوو و سەرۆک بارزانی وەڵامی سەرجەم تێبینی و پرسیارەکانی دایەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.