ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمشەو پێنجشەممە لە دانیشتێكی تایبەتدا، دەنگیدا بە جێگرانی سەرۆك وەزیران و ئەو وەزیرە نوێیانەی كە لەنێو حكوومەتی عێراق دیاری نەكرابوون و تا ئەمشەو پۆستەكان بە بەتاڵی مابوونەوە.
لە دانیشتنەكەی ئەمشەودا وەك فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی پێدابوو، 261 پەرلەمانتار ئامادەبوون.
فەرمانگەكە هەروەها بڵاویكردەوە: لە دانیشتنەكەی ئەمشەودا دەنگ بە سێ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق درا كە پێكهاتبوون لە موحسین مەندەلاوی، لەیس خەزعەلی و محەمەد تەمیم.
هەر ئەمشەو دەنگ بە پۆستی ئەو وەزارەتانەش درا كە تا ئێستا وەزیریان بۆ دیارینەكرابوو، پێكهاتبوون لە:- رێباز حەملان وەزیری ئاوەدانكردنەوە، نایف شەمەری وەزیری بەرگری، یاسر مالیكی وەزیری ناوخۆ، قوتەیبە غازی مەجید وەزیری پلاندانان، یاسین محەمەد عیتاوی وەزیری رۆشنبیری، حەیدەر بەها ساحب حوسێنی وەزیری خوێندنی باڵا، محەمەد رەعد موسەوی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، سەفا مەهدی كینانی وەزیری وەرزش و لاوان، محەمەد ساحب دەراجی وەزیری ئابووری، عەلی عەبدولهادی دەخیلی وەزیری گەشتوگوزار و محەمەد سەمعان كەنعان وەزیری دەوڵەت.
ئەمشەو تەنیا دوو پۆست و بەربژێر یەكلایی نەكرانەوە، یەكێكیان د. فارس بریفكانی بوو كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بەربژێر كراوە، ئەوەی دیكەشیان پۆستی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانە كە بۆ پێكهاتەی كریستیانەكان دیاریكراوە، بڕیاردرا لە دانیشتنی داهاتوودا دەنگ بەو دوو بەربژێرەش بدرێت و كابینەی وەزارییەكەی عەلی زەیدی تەواو بكرێت.
دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان، هەر لەنێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق هەرسێ جێگرەكەی سەرۆك وەزیران و وەزیرە نوێیەكان سوێندی یاساییان خوارد، دواتریش سەرۆكایەتی پەرلەمان تەواوكردنی دانیشتنەكەی بۆ كاتێكی دیكە دواخست و كۆتایی بە دانیشتنەكە هات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.