دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیەنراوێكی لەبارەی رووداوەكەی چەند رۆژی رابردووی پردێ و شەهیدكردنی دوو لاوی كورد بڵاو كردەوە، لە ڕاگەیەنراوەكەدا دژەتیرۆر داوای لێبوردنی لە هاووڵاتییانی شارۆچكەكە كردووە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری هەردوو گەنجەكەش دەكات.
لە راگەیەنراوەكەی دژەتیرۆری عێراقدا هاتووە: ئەم کردەوەیە لە چوارچێوەی ئەرکێكی نیشتمانیدا بووە بۆ ڕاوەدوونانی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی پلانێك بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان و هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەلامەتییان.
راشیگەیاندووە: هێزێکی دەزگای دژەتیرۆر توانیان ڕاوەدووی دوو تیرۆریست لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی قەرەباڵغ بنێن کە یەکێکیان پشتێنی تەقینەوەی بەستبوو و ئەوەی دیکەشیان چەکدار بوو، دەیانویست کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن و هاووڵاتییانی ناوچەکە بکەنە ئامانج.
دژەتیرۆری عێراق هەروەها رایدەگەیەنێت: لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەكەدا ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا و لە ئەنجامدا تیرۆریستێکیان کوژرا و ئەوی دیکەیان دەستگیرکرا، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەکە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی چوار ئەندامی دەزگای دژەتیرۆر.
جەختیشی كردەوە: دوای ڕووداوەکە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەستبەجێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکهێنرا، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆریش ڕێنماییدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی دیكە بۆ دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمان.
دەزگای دژەتیرۆر گوتیشی: داوای لێبوردن و پەژارەی قووڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا هات، سەرەخۆشی و هاوخەمیی ئاڕاستەی بنەماڵەی دوو شەهیدەکە و کەسوکاریان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین.
لە كۆتاییدا دەزگای دژەتیرۆر دووپاتی كردۆتەوە کە پاراستنی گیان و سەلامەتیی هاووڵاتییان لە پێشینەی ئەرکەکانیاندایە و پابەندن بە یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان و بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و پیشەیی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.