شارەوانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە چەندان شوێنی چاندنی سەوزە و بەرووبوومی كشتوكاڵی و گەنمەشامی تێكدا كە بەشێوەی نایاسایی و بە ئاوی پیس و كەندی ناوچەكە ئاودەدران و دەبوونە هۆی مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان.
سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند: دوای چاودێریکردن و بەدواداچوونی وردی تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە دەشتاییەکانی هەردوو گوندی توڕەق و سوێری، دەرکەوت کە بەشێک لە هاووڵاتییان بە شێوەیەکی نایاسایی و لە ڕێگەی ڕاکێشانی هەزاران مەتر بۆڕی، ئاوی پیسی کەندی ناوچەکەیان بۆ ئاودانی ڕووبەرێکی فراوانی بەرهەمی گەنمەشامی و سەوزە و بەرووبوومی کشتوکاڵی بەکارهێناوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی تەندروستی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات.
راشیگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی شەش، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، تەواوی کەلوپەل و بۆڕییەکانی ئاودانکردن لادران و دەستیان بەسەردا گیرا، هاوکات خاوەنی سەرپێچییەکان ڕووبەڕووی سزای یاسایی کرانەوە.
شارەوانی هەولێر هەروەها رایگەیاند: لێرەوە ڕادەگەیەنین کە پاراستنی تەندروستیی گشتی و ژیانی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو ئەولەوییەتەکانمانەوەیە و هەموو ئەوانەی سەرپێچی و زێدەڕۆیی دەکەنە سەر موڵکی گشتی، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.