وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاداشتێکی دارایی بە بڕی 15 ملیۆن دۆلاری تەرخان كردووە بۆ هەر كەسێك زانیارییان پێ بدات كە ببێتە یارمەتیدەر بۆ ئاشکراکردنی تۆڕە داراییەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران.
پڕۆگرامی (پاداشت بۆ دادپەروەری) كە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە، لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاوی كردووەتەوە: هەر كەسێك زانیارییمان لەسەر سەرچاوە داراییەكانی هەریەك لە فەرماندەكانی (ئەحمەد جەعفەر ئابادی) و (عەبدوڵا میهرابی) و (عەلی ئەسغەر نەوروزی) لە هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران پێ بدات، بە بڕی 15 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی پاداشت دەكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشداوە: لامان ڕوونە كە لە شوێنێکدا لەنێوان چەك و مووشەک و درۆنەکانی ئێران، ڕێڕەوێکی دارایی بوونی هەیە، یارمەتیمان بدەن بۆ پەکخستنی ئەم ڕێڕەوە داراییە.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بەردەوامە لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی زیاتری مووشەک و درۆنەکانی، ئەمە جگە لە دابینکردنی کەلوپەل و ئامێری پێویست بۆ سوپای پاسداران.
جەختیشی كردووەتەوە كە هەر كەسێك زانیارییان لەسەر ئەم سێ فەرماندەیەی سوپای پاسداران، یاخود سەرچاوە داراییەکانی هێزی ئاسمانیی پاسداران پێ بدات، شایستە دەبێت بۆ وەرگرتنی ئەم پاداشتە گەورەیە و هەروەها دابینكردنی شوێنێكی نیشتەجێبوونی شایستەی نوێ بۆ خۆی و ماڵباتەكەی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.