رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشکرای دەكات، کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی کردووەتەوە بە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و درۆن لە دامەزراوە ژێر زەمینییەکانیدا، ئەمەش بە بەکارهێنانی ئەو پارچە و پێکهاتانەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگ کۆگای کردبوون.
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکی رایدەگەیەنێت: سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەر پیشەسازی مووشەکی ئێران کەوتوون، بەڵام دەزگا هەواڵگرییەکان جوولە و چالاکییان لە چەندین دامەزراوەیەكدا بەدی کردووە. لەوانەش کۆمەڵگەی سەربازیی (خۆجیر) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، کە تێیدا مووشەکی بەکارهێنەری سووتەمەنی شل و ڕەق کۆدەکرێنەوە. هاوکات تاران سەرقاڵی دروستکردنی شوێنی نوێی کۆکردنەوە و بەیەکەوەبەستنی مووشەکەکانە لەژێر زەویدا بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی ئایندەدا پارێزراو بن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: ئێران دوای ڕێککەوتنی بەرایی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوو سەبارەت بە ڕێگەدان بە کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بە بڕێکی کەم دەستی بە بەرهەمهێنانی چەك کردبێتەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە: هەبوونی کۆگای جەنگی، قاڵبی مووشەک، سیستەمی ئاڕاستەکردن و پارچەکانی دیكە هاوکار بوون لەوەی تاران بەبێ پێویستی بە کارپێکردنەوەی تەواوی تۆڕی پیشەسازییەکەی، دەست بە کۆکردنەوەی مووشەکەکان بکاتەوە.
وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریانخستووە کە ئێران بەپەلە خەریکی چاککردنەوەی ڕێگاکان، شوێنەکانی بەرهەمهێنان و دەروازەی بنکە مووشەکییە ژێر زەمینییەکانە کە لە هێرشەکانی پێشتردا زیانیان بەرکەوتبوو.
لەلایەكی دیكەوە زانیارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو چەکانەی لە قووڵایی زەوی و تونێلەکاندا شاردرابوونەوە، تا ڕادەیەک و بەشی زۆریان لە هێرشەکان ڕزگاریان بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.