وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ پێنجشەممە بەفەرمی مژدەی كۆتاییهاتنی پڕۆسەی یەكخستنەوەی تەواوەتی هێزەكانی پێشمەرگەی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی ڕاگەیاند.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان کرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە باڵایەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی 70 و 80 بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەکخرانەوە.
ئاماژە بەوەش دەكات كە: ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە ، لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
وەزیری پێشمەرگە جەختیشی كردەوە كە ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت بووە.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:-
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان،
هێزی پێشمەرگەی کوردستان،
هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی،
ئەمڕۆ بە شانازییەوە، مژدەیەکی مێژوویی و دەستکەوتێکی مەزن ڕادەگەیەنین کە خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان بووە؛ پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا و هەشتا کە هاوکار و ڕێگەخۆشکەربوون، توانیمان سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنین. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان کرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە باڵایەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی 70 و 80 بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەکخرانەوە.
لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ڕیشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، (لیوا و فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) ڕێک خرانەوە.
بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەکار دەبن. ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە، لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانماندا. ستایشی بێپایانی هاوکارییەکانیان دەکەین و داوایان لێ دەکەین لە قۆناغی داهاتوودا، بە شێوازێکی جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان.
شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان
سەربەرزی بۆ هێزی پێشمەرگە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئەیلولی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.