ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌بواری گۆرانی فۆلكلۆردا تینوێتی گوێگر ده‌شكێنێ ..!
به‌شێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی فۆلكلۆر، گۆرانییه كه به‌هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رین بڵاوبۆته‌وه‌و هه‌رده‌ڤه‌رێكی كوردستان خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌كی هونه‌ریه به‌پێی ژینگه‌و سرووشتی ناوچه‌كه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگبێژ و به‌یت بێ‌ژان له‌وبواره‌دا ڕۆڵێكی گرنگ و به‌رچاویان هه‌یه له پاراستن و زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجینه و خه‌رمانه به‌نرخه‌ی گه‌له‌كه‌مان ،كه‌واته فۆلكلۆر مێژوویه‌كی دێرین و به‌نرخی هه‌یه ،هونه‌رمه‌ندان ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تیان سینه به‌سینه پاراستووه‌و له‌هه‌ر زه‌مانێكدا به‌شێوه‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه به‌خشیویانه‌ته‌وه به گه‌له‌كه‌یان.
له‌باره‌ی گۆرانی فۆلكلۆره‌وه، كه ئاوازه‌كانی ساده‌و سانایه‌و تێكسته‌كانی خۆش و هه‌ڵقوڵاوی نێوكۆمه‌ڵی كورده‌وارییه‌و زۆر زوو له‌دڵ و هه‌ستی گوێگردا ده‌نیشێت و زۆر زوو ده‌كه‌ونه سه‌رزار ، سه‌باره‌ت به‌و گه‌نجینه و سامانه به‌نرخه‌ی كورده‌واری، هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ( عوسمان شارباژێڕی 1940 سلێمانى _ ؟؟؟؟ کەنەدا) نووسیویه‌تی ( گۆرانی فۆلكلۆریی كوردی گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پڕ له ( هونه‌ریی ئاواز ) ه ، كه سرووشت و ده‌روون كارێكی گرنگیان بووه له پێكهێنانی ئه‌م گه‌نجینه پڕ گه‌وهه‌ره‌ی (هونه‌ر) و ( هۆنراوه) ی كوردی ، خۆشه‌ویستی ، دڵداری ، عه‌شق ، تۆڵه ، شایی ، شین ، جوانی ، جه‌وامێری ، ئازایی ، جه‌نگ ، كۆست ، كاره‌سات ، ئاوازی ئه‌م بابه‌تانه هه‌ر له( ئارارات ) ه‌وه هه‌تا ( حه‌مرین) ده‌نگ ئه‌ده‌نه‌وه و ئاوێنه‌ی سرووشتی گه‌لی كوردن ، ( ژیان ) و ( ژان) و ( ژێوار) ی تێدا ده‌نوێنێ) (1)
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده میللیی یانه‌ی زیندوو كه‌ره‌و پارێزه‌ری گۆرانی كوردی ، هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و شادی به‌خشی نێو كۆڕ‌و كۆمه‌ڵ و داوه‌ت و زه‌ماوه‌ند و سوارچاكی ئه‌و بواره، هونه‌رمه‌ند (ئیبراهیمی قادری ) یه ، ئه‌و ده‌نگه به‌سۆزو شادی به‌خشه‌ی هه‌ركاتێك گوێبیستی ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ده‌بیت، نغرۆی وشه‌ی پاراو و ڕه‌سه‌نی كوردی ده‌بین .
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری و خه‌رمانێك له گۆرانی،
هه‌رچه‌نده ئه‌م هونه‌رمه‌نده به هونه‌رمه‌ندێكی میللی ده‌ناسرێت، گۆرانی فۆلكلۆر و گۆرانی هونه‌رمه‌ندان ( مه‌لا حوسێنی عه‌بدوڵڵازاده، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، محه‌مه‌دی ماملێ ، عه‌لی مه‌ردان ، سه‌یدڕه‌حیمی سه‌رده‌شتی ، عه‌وڵای سنجانێ و سابیركوردستانی) دووباره كردۆته‌وه، له‌پاڵ ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌ی ئه‌نجامی داون ، بۆ خۆشی خاوه‌نی زیاتر له (80) گۆرانی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی.
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆشی موكریان و شاره ئازیزه‌كه‌ی مه‌هاباد، (ئیبراهیم كه‌ریم عه‌بدولڕه‌حمان عه‌بدولقادر) ه ، نازناوی هونه‌ری (ئیبراهیمی قادری ) یه و دایكی ناوی ( سه‌یزاده ئه‌مین سه‌یدقادر) ه ، له‌گوندێكی هه‌ڵكه‌وته‌ی نێوان دوو شاری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ( مه‌هاباد و بۆكان) كه‌مێژوویه‌كی زۆر جوانیان هه‌یه له‌بواری نه‌ته‌وه‌یی و هونه‌ریی و زاده‌ی گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری له گوندی ( عیسا كه‌ند) له‌ساڵی (1313) ی هه‌تاوی، به‌رامبه‌ر ( 26/4/1934) ی زاینی له‌خانه‌واده‌یه‌كی جوتیاری خانه‌دان و هونه‌ر دۆست به‌دنیا هاتووه و چاوی به‌سرووشتی جوانی گونده‌كه‌یان هه‌ڵهێناوه.
له‌به‌ره‌ی دوو دایكان هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی (6) برا و (2) خوشكه، له‌ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا هونه‌رمه‌ند له‌سۆزو خۆشه‌ویستی دایك و باوكی بێبه‌ش ده‌بێت، دایكی پێشتر كۆچی دوایی ده‌كات، له‌ساڵی (1951) باوكیشی ده‌چێته‌به‌ردلۆڤانی په‌روه‌ردگار و ئیبراهیمی گه‌نج و شۆخ و شه‌نگ ڕووبه‌ڕووی تاڵ و سوێرییه‌كان و شه‌ونخونی ژیان ده‌بێته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گونده‌كه‌یان قوتابخانه نه‌بووه ، هونه‌رمه‌ند له‌وبه‌هره‌یه بێ به‌ش ده‌بێت و به‌ڵام ماوه‌ی (2) دووساڵ خراوه‌ته (حوجره) له‌لای مه‌لا خوێندوویه‌تی، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ فێرنه‌بووه.
هونه‌رمه‌ند به‌حه‌سره‌ته‌وه باس له‌و به‌هره‌یه ده‌كات كه‌لێی بێ به‌ش بووه ( نه‌متوانی ده‌رس بخوێنم و له‌و نیعمه‌ته گه‌وره‌یه بێبه‌ش بووم، به‌ڵام له‌زه‌مانی پێشمه‌رگایه‌تیدا له‌حیزبی دیموكرات فێری خوێندن و نووسین بووم ، له‌ژیانی هونه‌ریمدا هه‌رچه‌نده نه‌خوێنده‌وار بووم ، به‌ڵام هه‌موو كات حه‌زم به‌قه‌ڵه‌م و كاغه‌ز ده‌كرد، پێم خۆش‌بوو كه‌له‌گه‌ڵ پیاوی گه‌وره‌ی خوێنده‌وار و ئاشنا به‌ئه‌ده‌ب تێكه‌ڵاو بم و زۆر له مه‌جلیسیاندا دانیشتووم و چێژم لێوه‌رگرتوون ) (2)
مامۆستا (هێمن1921_18/4/1986) له سه‌ره‌تای له‌كوێ وه بۆ كوێ ؟ دا نووسیویه‌تی ( كێ من له خۆم باشتر ده‌ناسێ ؟ ) (3)
كه‌واته هه‌ریه‌ك له‌ئێمه خۆی ده‌زانی له‌كه‌شكۆڵه‌كه‌یدا چی هه‌یه‌و خۆی ده‌توانێ لاپه‌ڕه تاڵ و شیرین و هەوراز و نشێوەکانى ڕۆژگاری خۆی هه‌ڵبداته‌وه‌و له‌وێوه به‌ژیانی مرۆڤه‌كان ئاشنا بین، هیچ گومانی تێدا نییه هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری وه‌ك هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌بواری چڕینی گۆرانیدا و خزمه‌تكردن به هونه‌ری میللیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌وراز و نشێوی زۆری بڕیوه‌و هه‌روا به‌و ساناییه نه‌گه‌یشتۆته ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ژیانی هونه‌ری كه به‌هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی گۆرانی میللیی بناسرێت ، بۆمه‌به‌ستی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری به‌ئێوه‌ی خوێنه‌ری خۆشه‌ویست ، هه‌ندێك جار هانا بۆ ئه‌و كورته‌یه له‌سه‌ر ژیاننامه‌كه‌ی خۆی ده‌به‌م ، هونه‌رمه‌ند باوكی ده‌نگخۆشێكی گونده‌كه‌یان و ناوچه‌كه بووه ، به‌ڵام به‌ئاشكرا گۆرانی نه‌خوێندووه، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و داب و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ئه‌وسه‌رده‌مه له‌ناو كۆمه‌ڵی داخراوی گوند دا عه‌یب و به‌كارێكی نه‌شیاو دراوه‌ته قه‌ڵه‌م ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ، له‌باره‌ی باوكییه‌وه نوسیویه‌تی ( بابم پیاوێكی جوانچاك و ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌زه‌مانی خۆی له‌ناوچه‌ی موكریان و ( مه‌حاڵی ئاختاچی) دا زۆر به‌ناوبانگ و ماڵ ئاوه‌دان و نان خۆش و ده‌نگ و سه‌دایه‌كی بلاوێنی هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر بۆ دۆست و هاوه‌ڵانی خۆی گۆرانی ده‌گووت، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و دلێری سه‌رده‌می كۆماری كوردستان له‌مه‌هاباد بووه و به‌شداری له‌شه‌ڕه‌كانی ( قاراوا و سه‌ردا ) كردووه و له‌لایه‌ن خوالێخۆشبووان ( پێشه‌وای نه‌مرن قازى محەمەد 1/5/1893_31/3/1947 مەهاباد) و مه‌زنه پیاو (مه‌لا مسته‌فابارزانی 14/3/1903 بارزان _ 1/3/1979 واشنتۆن) خه‌ڵات كراوه‌و ، مامۆستا ( هه‌ژار 13/4/1921_21/2/1991) له كتێبه‌كانی باسی لێ كردووه ، مامۆستا خالیدی حیسامی ( هێدی 1927_27/10/2016) له‌نزیكترین دۆستانی بابم بووه) (4)
گه‌نجێك و جه‌وانێك تازه به‌ڕووی ژیاندا پێده‌كه‌نێ و له‌ژیانی گوندا ده‌بێت سه‌رقاڵی چی بێت ، بێگومان هێزو بازووی له ژیانی جوتیاری و وه‌رزێری و جووتكردن و كار‌و پیشه‌كانی گوند به‌سه‌ر بردووه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كه و باوكی ده‌نگخۆش بووه ، هه‌میشه له‌ناخیدا هه‌ستی كردووه كه توانایه‌كی هه‌یه بۆ چڕینی گۆرانی ،بیر‌و هۆشیی داگیر كردووه و مه‌یلی به‌لای كاره‌كانی ماڵه جوتیارێكی گوند دا نه‌ڕۆیشتووه، باوكی هه‌ستی به‌و ده‌نگخۆشییه‌ی كوڕه‌كه‌ی كردووه و پێی سه‌رسام بووه، هه‌ركاتێك میوان یان دۆستێكی ئازیزی باوكی له‌دیوه‌خانه‌كه‌یاندا میوان بووبێت ، باوكی بانگی كردووه‌و وتویه‌تی ئاده‌ی كوڕم وه‌ره گۆرانیه‌كیان بۆ بڵێ ، ئیبراهیمی مێردمنداڵ له‌سه‌ره‌تاوه له‌ژێر سایه‌ی شه‌رمدابه‌ده‌نگی خۆشی گۆرانی بۆ خوێندوون و هانیان داوه ، تائه‌و جێیه‌ی باوكی دركی به‌تواناو خۆشیی ده‌نگی كوڕه‌كه‌ی كردووه، بیری له‌ژیانی خۆی كردۆته‌وه چۆن ئه‌و ده‌نگ و به‌هره خوداییه‌ی كه‌پێی به‌خشیوه له خه‌ڵكی شاردۆته‌وه و به‌ڵێنی داوه ( ئه‌گه‌ر نه‌مرم ده‌بێ پشتیوانی له برایم بكه‌م درێژه به هونه‌ر بدات ، باوه‌كو خۆمی لێ نه‌یه‌ت ) هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری كه ئه‌وه ده‌بیستێ ئه‌ویش به‌ڵین ده‌دات ( له‌سه‌ر ئه‌و وه‌سیه‌ته‌ی باوكم درێژه‌م به‌هونه‌ردا ) ( 5)
له‌كۆتا مانگی پایزی ساڵی (1951) هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته (17) به‌هار ،وه‌ك سه‌ره‌تا و بۆ یه‌كه‌م جار چۆته داوه‌ت و گۆرانی خوێندووه، له‌و داوه‌ته‌شدا یه‌كه‌م گۆرانییه‌ك كه خوێندوویه‌تی ، گۆرانی هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی خه‌ندان 1922_2009) بووه ،
( ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی خه‌زاڵێ ،، كابانی گه‌وره ماڵێ
جحێڵ مزگێنیم ده‌نێ ،، مه‌ڕهاته‌وه سه‌رماڵێ
پێی بڵێن با بێریه چكۆڵه‌ی ،، باكه‌مێك قۆڵی هه‌ڵماڵێ )
له‌هه‌مان ساڵدا ، ( 1951) ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خاتوونێك پێكدێنێ ، به‌داخه‌وه ئه‌و ژیانه هاوبه‌شییه زۆر ناخایانێ و ماوه‌ی (2) مانگ پێكه‌وه ده‌بن و هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆچی دوایی ده‌كات.
له‌سه‌ره‌تاوه كه ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كردووه ، هێنده شاره‌زایی نه‌بووه له‌سه‌ر ئامێره‌كانی موزیک و شێوازی وتنی گۆرانی ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار و تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ل خه‌ڵكی و به‌شداریكردن له‌داوه‌ت و زه‌ماوه‌ند، پاشخانی هونه‌ری خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات و ئه‌زموون په‌یداده‌كات ، ( كاتێك ده‌ستم به‌گۆرانی خوێندن كرد سه‌ره‌تا نه‌مده‌زانی ده‌بێـت چۆنی بڵێی و چه‌ندی بڵێی ؟! من هه‌رده‌مگوت، ئه‌وه بۆ گۆرانی شایی و زه‌ماوه‌ند چه‌ندی ده‌یڵێی بیڵێ ، به‌ڵام بۆ گۆرانی مه‌جلیسی تا ڕێنماییان كردم و وتیان ئه‌و جۆره گۆرانیانه ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی تا (5) خوله‌ك ده‌بێ بیڵێی) (6)
هونه‌رمه‌ند ڕۆحی له‌گه‌ڵ گۆرانی و شایی و زه‌ماوه‌ند دا ئاوێته ده‌بێ و ناوبانگ په‌یدا ده‌كات و بۆ زه‌ماوه‌ند و شایی و داوه‌تان لێی ده‌گێڕنه‌وه، له‌ساڵی ( 1340ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر ( 1961 ی زاینی) گوند به‌جێ دێڵێت و به‌یه‌كجاری له‌شاری (مه‌هاباد) نیشته جێ ده‌بێت و دوای (10) ساڵان له‌سه‌ر كۆچكردنی هاوژینی یه‌كه‌می ،ژیانی هاوبه‌شی له‌ساڵی (1961) پێكدێنێته‌وه.
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری باس له‌و ڕۆژگاره ده‌كات كه ده‌ناسرێت و چۆن تێكه‌ڵاو به‌خه‌ڵكی و ئه‌و دنیا جوان و شیرینه‌ی گۆرانی گوتن بووه( ده‌ستم به‌گۆرانی گوتن كرد و له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ناوبانگم ده‌ركرد و له‌شار و دێهاتان لێیان ده‌گێڕامه‌وه و زۆرجاران نه‌یان ده‌هێشت بێمه‌وه ماڵێ و له‌و داوه‌ته ده‌یانبردمه داوه‌تێكی دیكه ، سه‌دان بووكم له گه‌وره ماڵان سواركردووه و دامبه‌زاندووه، جودا له‌گۆرانی به‌زم و هه‌ڵپه‌ڕكێ ، گۆرانی دیكه‌شم گوتووه و هه‌روه‌ها گۆرانی زۆر گۆرانیبێژانی مه‌زنیشم گوتۆته‌وه) (7)
ڕاسته زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند، تێكسته‌كانی فۆلكلۆرن و هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی كۆمه‌ڵی كورده‌وارین ، به‌ڵام هه‌ندێك گۆرانی كه هی خودی هونه‌رمه‌ندن ، هه‌ریه‌كه‌یان پاشخانێكی خۆش و ناخۆشی هه‌یه‌و ته‌نانه له‌سه‌ر گۆرانیی خوێندن دووچاری كێشه‌ش بووه، وه‌ك گۆرانی ( وه‌ره وه‌ره گێلگێله‌داری) له‌ساڵی ( 1957) له‌گوندی ( له‌گز ) ی بۆكان ده‌ریانكردووه.
گۆرانیشی هه‌یه كه هه‌ڵقوڵاوی بیر و هه‌ستی خۆیه‌تی له‌ژێر كاریگه‌ری سرووشتی جوانی وڵات له‌وه‌رزی به‌هاردا و قاسپه‌ی كه‌و و جریوه‌ی چۆله‌كه‌و ئاوی سازگاری كانیاو خوڕه‌ی جۆگه‌له‌و چرۆی گوڵه به‌یبوون و مێلاقه و ،،،تاد، ئه‌وانه ده‌بنه هه‌وێنی گۆرانیه‌ك دوای پشوودانێك له‌ده‌ره‌ئه‌نجامی ماندووبوونێكی زۆر، له‌ساڵی (1963) هونه‌رمه‌ند دێته باشووری كوردستان و تا پشتی ( هێرۆ) دێت ، دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ( سه‌رده‌شت ) و به‌لای ( كێلێ ) دا و بینینی ئه‌و سرووشته دڵڕفێنه كه چاو پێی تێرنه‌بووه‌و به‌هه‌شتێكه كه خودا به‌خشیوه‌تی به‌به‌نده‌ی خۆی ، هونه‌رمه‌ند له‌سه‌رچاوه‌ی سه‌رده‌شت پشوویه‌ك ده‌دات و ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و سرووشته، ئه‌و نیعمه‌ته جوانه ، دوای پشوودان ئه‌و ئاوازه له‌وێدا ده‌خوڵقێنێ و تێده‌چریكێنێ ...
( سێوه لاسووره‌ی زێوێ مه‌نزه‌ره‌ی به‌رده‌پانی
گوڵی ده‌وری سه‌رچاوێ كه‌وی پشتی بێورانێ
به‌ژنت خه‌ڵفی ساوایه ، مه‌مكت هه‌رمێی ئالانێ
ماندوو مردووی ڕێگایه‌م ناكێشم په‌شیمانی ...)
ئه‌و گۆرانییه هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1971) له‌ڕادیۆی مه‌هاباد بڵاوی كردۆته‌وه.
به‌داخه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌بواری زیندووكردنه‌وه پاراستنی زمان و فۆلكلۆری كوردی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی خۆڕسك و خۆوێژ ئه‌سپی خۆیان تاوداوه، وه‌ك ( عه‌لی خه‌ندان ، سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، مه‌لاحوسێنی عه‌بدوڵلازاده ، ڕه‌سوڵی نادری ، سه‌یدعه‌لی سه‌رده‌شتی، ئیبراهیمی فه‌تاحی ، برایانی زێ زێ و عه‌به ده‌ڕژێ و ...تاد) به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م بایه‌خ و به‌ناو و ناتۆره‌ی ( شایه‌ر و لۆتی و چاوه‌ش) ناوبراون و زۆر جاران لێیان نزیك نه‌بوونه‌ته‌وه و به‌چاوی ڕێزه‌و له‌كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كانیان نه‌ڕوانیوه، نووسه‌ر و توێژه‌ری بواری فۆلكلۆر ( سه‌لاح نیساری ) نوسیویه‌تی :
( گۆرانی بێژانی شایی گێڕی كورده‌واری ، نه‌ك هه‌ر به‌چاوی ڕێزه‌وه سه‌یریان نه‌كراوه ، به‌ڵكه نێو نیتكه یان پێداداون ! ناتۆره‌یان وه‌دوو خستوون ، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ده‌مار گرژ و كاڵفام و گوێ له‌مست و زۆربه‌ی خۆبه‌زلزان و ساماندار و گیرفان گه‌رمان، شه‌رمییان كردووه بێژن جیران و هاوساماڵی ئه‌و ده‌نگبێژ و خۆشوێژانه‌ین! له‌كۆڕی پرسه و سه‌ره‌خۆشیدا خۆیان لێ‌دوور گرتوون،له‌زۆر كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌دا له‌نزیكیان دانه‌نیشتوون! كه‌چی هه‌ر ئه‌و جه‌نابانه له‌شایی و خۆشیه‌كاندا ، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ختی زه‌ماوه‌ندی (كوڕ) ی خۆیاندا موحتاج و منه‌ت باری به‌قه‌ولی خۆیان ئه‌و ( لۆتی ) یانه بوون، به‌ڵام هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ كه‌متر كه‌سانێك هه‌ستیان به‌وه كردووه ئه‌و شایه‌رانه چ خزمه‌تێكیان به تۆره‌و زمان و گۆرانی ڕه‌سه‌نی كورده‌واری كردووه،سنگ به سنگ ئه‌م خه‌زێنه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان هێناوه‌و له‌مردن پاراستوویانه، ئه‌م سه‌روه‌ت و سامانه‌یان قه‌ڵا قه‌ڵا هه‌ڵچنیوه و به‌ئامێزی نساره‌وه له خۆر گه‌زین پاراستوویانه ، هه‌میشه به‌جل و به‌رگی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌وه هاتوونه نێو خه‌ڵك ، به حه‌ق ئه‌و خزمه‌ته‌ی شایه‌ران گوند به‌گوند و شار به‌شار به‌بێ هیچ چاوه‌ڕوانییه‌ك به‌خه‌ڵكی خۆیان كردووه شایانی سپاس و ڕێزلێنانه) (8)
هه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆنه‌ویست و ده‌نگبێژ و به‌یت بێژ و شایی گێڕانه كه به‌داخه‌وه به‌لۆتی و شایه‌ر ناوده‌بران ، هیچیان ده‌رچووی هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری نه‌بوون ، ته‌نها ده‌رچووی ئه‌و قوتابخانه ده‌وڵه‌مه‌نده لێوڕێژه‌ی كه‌لتوور و فۆلكلۆری كوردی بوون ، به‌و ئامێره ڕه‌سه‌ن و سادانه‌وه ( ده‌هۆڵ و زوڕنا ، باڵه‌بان ، دووزه‌له‌و زه‌ربێكه‌وه) حه‌وت شه‌و و حه‌وت ڕۆژان، به‌بێ ماندوو بوون زه‌ماوه‌ند و داوه‌ت و شاییان گێڕاوه‌و شادی و خه‌نده‌و جوڵه و بزه‌یان خستۆته سیما‌و دڵی گوێگر و بیسه‌رانی ئه‌و ئاهه‌نگه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ڕێزو حورمه‌ته‌وه له توانا‌و ده‌نگی خۆشیان و ژه‌نینی ئامێره‌كانیان بڕوانیبایه ، جێی داخه كه به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست پوڵ و پاره‌یان هه‌ڵداوه و كه‌وتۆته سه‌رزه‌وی ، ڕاسته ئه‌وانیش مرۆڤن و پێویستیان به‌ژیانه، ئه‌و دیارده ناشیرینه یه‌كێك بووه له‌و دیاردانه‌ی كه هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری پێی سه‌غڵه‌ت بووه و كاری له‌سه‌ر كردووه كه ئه‌و ڕه‌فتاره نه‌هێڵێت ( له‌زه‌ماوه‌ند و داوه‌تدا له‌لایه‌ن خه‌ڵكی یه‌وه پاره‌یان هه‌ڵده‌دا و شاباشیان ده‌كرد و ئه‌و پوڵه ده‌كه‌وته سه‌رزه‌وی ، له‌نێو ئه‌و خۆڵ و ته‌پۆتۆزه‌دا ده‌بوو هه‌ڵیبگریته‌وه و له‌سه‌ر سه‌رتی دابنێی و به‌سڵامه‌تی فڵانه ئاغای دا بڵێیت، ده‌توانم بڵیم من یه‌كه‌م كه‌س بووم به‌رپه‌رچی ئه‌وه‌م دایه‌وه‌و وتم ئه‌وه كارێكی نه‌شیاوه‌و نابێ ئه‌و كاره بكرێت تا له‌داوه‌ت و زه‌ماوه‌ند دا قه‌ده‌غه‌م كرد) (9)
ده‌نگ و هونه‌ر و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی میللیی ئیبراهیمی قادری ، هه‌ربه‌ته‌نها له‌شار و شارۆچكه‌و گونده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتدا بڵاو نه‌بۆوه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌نگێكی خۆش و هونه‌رێكی شادی به‌خشی هه‌بووه و هونه‌ره‌كه‌ی بێ خه‌وش بوو ، له‌باشوری كوردستان یشدا بڵاو بۆوه‌و هه‌وادرێكی زۆری له‌ده‌وری هونه‌ره‌كه‌ی خۆی كۆكرده‌وه ، دیارترین له‌گۆرانییه‌كانی كه‌له‌باشووردا ده‌بیستراو جێی په‌سه‌ند و ڕه‌زامه‌ندی گوێ‌گران بوو ، گۆرانی ( هه‌نار هه‌نار هه‌ناره ، ئه‌ی گوڵم ڕوو له‌كوێ كه‌م ، لێوت خوێنی گه‌شمه ، شه‌هێن و شه‌هلا ، هه‌ی دكتۆر ، شه‌مامه‌و خاڵ خاڵ و ئه‌و كراسه گوڵ هه‌ناره و ده‌یانی دیكه ) .
هونه‌رمه‌ند هه‌رچه‌نده ئاستی خوێنده‌واری به‌وشێوه‌یه نییه ، به‌ڵام ده‌توانێ بنووسێت و بخوێنێته‌وه ، به‌ڵام له‌خه‌رمانی گۆرانییه‌كانیدا كه زۆر له‌هۆنراوه‌كانی فۆلكلۆرن و له‌فه‌وتان ڕزگاری كردوون و به‌شێوازێكی نوێ و جوان بیانڵێته‌وه ، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیانشێوێنێ و له‌ڕه‌سه‌نایه‌تیه‌كه‌یان كه‌م بكاته‌وه، به‌ڵام سوودی زۆری له‌هۆنراوه‌ی شاعیران وه‌رگرتووه‌و ئاوازی له‌سه‌ر داناون و به‌ده‌نگه خۆشكه‌ی خوێندوونی ، شاعیرانی وه‌ك ( هه‌ژار ، هێمن ، هێدی ، حاجی هاشمی نانه‌وازاده‌گان ، وه‌فایی ، مسته‌فا به‌گی كوردی ، شه‌ریف ، سواره‌ی ئیلخانیزاده ، سه‌ید عه‌لی ڕه‌حیمپوور (سه‌ید عه‌لی سه‌رده‌شتی ) ، غه‌ریب پشده‌ری ، عوسمان حیسامی ،حاجی شێخ عه‌وڵای شه‌مسی بورهانی ،عه‌لی حه‌سه‌نیانی ،سێمان شاوه‌له و دكتۆر مه‌وله‌وی شیرازی و چه‌ندینی تر )
هونه‌رمه‌ند جیا له‌و گۆرانیانه‌ی له داوه‌ت و زه‌ماوه‌نددا خوێندوونی و به‌ده‌یان كاسێتی به‌ده‌نگی خۆش له‌گه‌ڵ مۆسیقادا تۆماركردووه و ، ماوه‌ی (8) ساڵ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌ندامی ئیداره‌ی ( فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر) ی ڕادیۆی مه‌هاباد بووه، له‌وماوه‌یه‌دا نزیكه‌ی (40) گۆرانی تۆماركردووه.له‌ساڵی (1974) هونه‌رمه‌ند له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕادیۆی كرماشانه‌وه خه‌ڵاتی ڕێزلێنان له‌به‌رامبه‌ر به‌خشش و كاره هونه‌رییه‌كانی پێده‌به‌خشرێت.
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ، خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزو خۆشه‌ویست له‌نێو كۆمه‌ڵ و شاری مه‌هاباد و ته‌واوی كوردستان و ، هه‌روه‌ها هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی ، له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان پێكه‌وه گۆرانی خوێندووه‌و به‌شداربووه له‌داوه‌ت و خۆشیی و شاییدا ، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( محه‌مه‌د حه‌تۆته و شه‌ریف دۆدۆڵچه) كه دوو هونه‌رمه‌ندی بلیمه‌ت بوون له‌بواری گۆرانی میللی‌دا ، پاشان هونه‌رمه‌ند ( صاڵح بۆكانی ، مه‌لا حوسێنی عه‌بدوڵڵا زاده ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ڕه‌سوڵی نادری ، سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، عه‌لی گڵێنانی، سه‌ید عه‌لی سه‌رده‌شتی ، قادر مامه‌ندی و ئه‌حمه‌د شه‌نگه و ئیسماعیل سه‌رده‌شتی و ...تاد) ، كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ گرووپی مووزیکدائه‌نجامی داوون و به‌ده‌ست و په‌نجه زێڕینه‌كانی هونه‌رمه‌ندان ( شاداب ، ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد ، عه‌زیزی تارژه‌ن و ..تاد،، خۆزگه ناوی هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیارانه كه هاوكاری هونه‌رمه‌ند بوون بهاتایه و ناویان فه‌رامۆش نه‌كرێت و ڕێز له‌ماندوو بوونیان بگیرێت) هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ده‌ڵێت ( كاتێك له ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد بووم،هونه‌رمه‌ند ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد زۆر هاوكاری كردووم و هه‌ندێك له‌گۆرانییه‌كانمی ته‌نزیم كردووه، خۆم به‌قه‌رزاری ده‌زانم ) (10)
له‌دوای ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان له‌ساڵی (1991) و هاتنه‌دی بارودۆخێكی جیاواز له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و كرانه‌وه‌ی سنوور له‌نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشوور به‌تایبه‌تی ، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (2003) به‌یاوه‌ری هونه‌رمه‌ندی شمشاڵژه‌نی گه‌وره ( قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قاله مه‌ڕه 21/12/1925_21/5/2009) و له‌ساڵی (2006) و دواین جار له‌ساڵی (2014) هاتۆته باشووری كوردستان و له‌شاری سلێمانی و هه‌ولێر ، له‌لایه‌ن كه‌ناڵی ئاسمانی ( كوردستان و كوردسات) ه‌وه بانگهێشت كراوه و به‌رنامه‌ی هونه‌ری له‌و كه‌ناڵه ئاسمانی و لۆكاڵییه‌كان تۆماركردووه.
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری له‌به‌ره‌ی ژیانی دوو هاوسه‌ر ، خاوه‌نی (5) كوڕ‌و كچێكه و هه‌روه‌ها كچی برازایه‌كی هه‌رله‌منداڵیه‌وه لای خۆی داڵده‌ی داوه‌و گه‌وره‌و په‌روه‌رده‌ی كردووه‌و هه‌روه‌ك جگه‌رگۆشه‌كانی خۆی لێی ڕوانیوه‌و خۆشه‌ویستی پێ به‌خشیوه،
له‌ساڵی (1951) و تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات ، هونه‌رمه‌ند له‌وڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ر به‌رده‌وامه و به‌داخه‌وه ئه‌وه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه گۆرانی ناخوێنێ ، دیاره ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی به هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و پێی خۆشه كه‌ڕێگه خۆش بكات بۆ هونه‌رمه‌ندانی دیكه كه ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی ئه‌و ڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ر بن و دڵسۆزانه و له‌خزمه‌تی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندابن، به‌ڵام پرسیارێك دێته پێش ، هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ( 5) كوڕ و كچێكه ، ته‌مه‌ندرێژبن ، ئایا بۆ هیچ یه‌ك له منداڵه‌كانی ڕێچكه‌ی باوكیان نه‌گرتووه‌و نه‌بوونه‌ته گۆرانیبێژ ، له‌وباره‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ده‌ڵێت ( له‌گه‌ڵ ڕێز‌و حورمه‌تم بۆ مامۆستایانی ئایینی له‌وسه‌رده‌مه‌دا له‌گوند و ئاواییه‌كان به‌داخه‌وه ڕۆڵێكی خراپیان ده‌گێڕا، ئه‌و ده‌ست و په‌نجه زێڕینانه ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه كه ده‌هۆڵ و زوڕنایان لێده‌دا و كه‌یف و خۆشییان به‌خه‌ڵك ده‌به‌خشی ، به‌ناوی حه‌رام و ئه‌وانه ( لۆتین) له‌به‌رچاوی خه‌ڵك سوكیان ده‌كردن و به‌كه‌م سه‌یریان ده‌كردن، ئه‌و هونه‌ره‌و هونه‌رمه‌ندانه كاتێك هونه‌ره‌كه‌یان له‌شاره‌كان نزیكبوونه‌وه ئه‌وجارناوی ( چاوه‌ش ) یان وه‌دوو نان ، به‌ڵێ منداڵه‌كانم هه‌موویان ده‌نگیان له من خۆشتره ..! كاتێك منداڵه‌كانم له‌قوتابخانه یان له‌كوچه‌و كۆڵانان له‌گه‌ڵ هاوڕێ كانیان كێشه‌كیان هه‌بایه یان ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ك ڕوویدابا ، پێیان ده‌وتن بڕۆ بڕۆ كوڕه ( لۆتی و چاوه‌ش ) ؟؟!!
تائێستا چه‌ندین جار هه‌وڵم له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانم داوه و پێم وتوون ده‌نگتان خۆشه‌و شتێكم بۆبڵێن، پێم ده‌ڵێن بابه گۆرانی چی بڵێین ، ئه‌وه‌نییه له‌ده‌ره‌وه پێمان ده‌ڵێن كوڕه لۆتی و چاوه‌ش ، به‌داخه‌وه ئه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕۆحیه‌تیان داناوون و ڕێچكه‌ی هونه‌رییان نه‌گرت ، من وه‌كو ئیبراهیمی قادری هه‌رچی یه‌ك بم ، كوڕی ئه‌م ئاو خاكه و كوڕی میلله‌ته‌كه‌ی خۆمم..! )(11)
وه‌ك ئاماژه‌م پێدا هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه كه له‌هونه‌ری گۆرانی خوێندن و چوونه سه‌ر داوه‌ت و زه‌ماوه‌ند دوور كه‌وتۆته‌وه‌و گۆرانی ناخوێنێ ، زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌نێو دۆست و هاوڕێكانی و شاره ئازیزه‌كه‌ی مه‌هاباد به‌سه‌ر ده‌بات و له‌ماڵه‌وه‌ش زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌گه‌ڵ ئامێری ته‌سجیله‌كه‌یدا و به‌گوێگرتن له گۆرانییه‌كانی خۆی كه‌پێش سی ، چل ساڵ له‌وبه‌ر خوێندوویه‌تی و له‌گه‌ڵ ده‌نگ و موزیكه‌كه‌دا ده‌داته شه‌قه‌ی باڵ و له‌و هه‌وارانه پشوو ده‌دات كه جه‌وان و جاحێڵ بووه و خاوه‌نی ده‌نگ و توانایه‌كی به‌رزبووه و چریكاندوویه‌تی ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئاواییه‌كانی ( باوه‌جه‌ند،قادرئاوا،وه‌ته‌میش،عیساكه‌ند ،مه‌مه‌لیان ،گوێچكه‌ده‌ره،حه‌مامیان ،بێوران وكانی باغ و شاره‌كانی مه‌هاباد و پیرانشار و نه‌غه‌ده‌و شنۆ و ....تاد ) و له‌كۆتایدا ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌واره‌كه‌ی خۆی له‌شاری مه‌هاباد و فرمێسك به‌چاوه‌كانیدا دێنه خوار كه‌ف و كوڵی دڵی خۆی به‌و فرمێسكانه ساڕیژده‌كات.
دوای نوسینی ئه‌و چه‌ند دێڕه له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ، به‌پێویستی ده‌زانم كه به‌حورمه‌ته‌وه ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تیه دڵسۆزانه بهێنین، كه خه‌مخۆرانه ئه‌و ئاهه‌نگ و كوڕ‌و داوه‌ت و زه‌ماوه‌ندانه‌یان له‌سه‌ر كاسێت تۆماركردووه‌و ئه‌مڕۆ بوونه‌ته ئه‌رشیفی به‌نرخی هونه‌ری میللی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، به‌داخه‌وه ته‌نها ناوی ( كه‌ریمی ته‌ڵایی1947_26/10/2021) خاوه‌نی تۆمارگای (ته‌لایی) له‌شاری مه‌هاباد ده‌زانم و خۆزگه ناوی هه‌موویانم بردبا.
دواى نیوسه‌ده له تێكۆشانی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری و ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه جوان نایابانه‌ی تۆماركرد و خستوویه‌تیه سه‌ر خه‌رمان و گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی میللیی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و پێی ده‌ڵێم خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت و ماڵت هه‌میشه ئاواده‌ن بێت بۆ ده‌نگ و هونه‌ره‌جوانه‌كه‌ت، بەداخەوە ئەو خۆشخوانە خۆڕسک و خۆوێژە لەتەمەنى (90) ساڵیدا پاش نیوەڕۆى ڕۆژى سێشەممەى ڕێکەوتى ( 19/11/2024) بۆهەمیشە چاوەکانى لێک دەنێ و ژیانئاوایی دەکات، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى ( 20/11/2024) لەمەراسیمێکى شکۆداردا بەئامادەبوونى جەماوەرێکى زۆرى شارى مەهاباد و هاوڕێ و دۆستانى نزیکى ، تەرمى هونەرمەند ئیبراهیمى قادرى لە گڵکۆى هونەرمەندانى شارى مەهاباد ئەسپەردەى خاکى پیرۆزى کوردستانى دەکەن ، دروود بۆ رۆحى پاکى و یاد و یادەوەرى و هونەرەکەى هەمیشە بەرزو بەڕێزبێت.
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) سلێمانى .
سه‌رچاوه : (1) كتێبی گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی ،،كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی ، عوسمان شارباژێڕی ، لاپه‌ڕه (58)
(2 و 4 و 7) كتێبی ،،كیژه سابڵاغی ،، ئیبراهیمی قادری ، هه‌ولێر 2009 ، لاپه‌ڕه ( 3)
(3) كتێبی ( تاریك و ڕوون ) گوڵبژێرێك له‌شیعره‌كانی هێمن ، لاپه‌ڕه (3)
(5 و 6 و9 و 11) به‌رنامه‌ی ( ئه‌زموون و ژیان) كورد كه‌ناڵ له( 1/7/2020)
(8) كتێبی ( خه‌زێنه‌ی هه‌رمان) توێژینه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆر ،، چاپی دووه‌م ،، نووسه‌ر : سه‌لاح نیساری ، لاپه‌ڕه ( 14)
(10) كتێبی ژیان و هونه‌ر ،، ئاماده‌كردن و كۆكردنه‌وه‌ی تاهیر كرمانج ، به‌رگی دووه‌م ، لاپه‌ڕه (125)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.