Erbil 31°C پێنجشەممە 03 ئەیلوول 16:29

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە دابەزین کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاودێری دۆخی تەمومژاوی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەن و لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی ئەو گرژییانە لەسەر دابینکردنی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.

بەپێی داتاكانی ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایس"، گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بە ڕێژەی 1.2% دابەزی و گەیشتە 94.48 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکی بە ڕێژەی 1.03% دابەزی و نرخەکەی گەیشتە 90.11 دۆلار.

ئەم پێکدادانە سەربازییانەی ئێستا، بە گەورەترین ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران دادەنرێت لە دوای مانگی تەممووزی ڕابردووەوە، کە ئێستا جەنگەکە چووەتە حەوتەمین مانگی خۆیەوە. تونی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕ لە دامەزراوەی "IG" ئاماژەی بەوە کردووە کە دابەزینی نرخەکان پەیوەندی بە هەندێک ئاماژەی سەرەتاییەوە هەیە بۆ کەمبوونەوەی توندیی دواین گرژییەکان.

لەو چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشە نوێیەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران بۆ ماوەیەکی "زۆر درێژ" بەردەوام نابێت و ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی ئەمریکا سیستمە ڕاداری و موشەکییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

سەبارەت بە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر" دەریانخستووە کە ڕۆژی چوارشەممە تەنها 4 کەشتیی بارهەڵگر بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، کە ئەمە کەمترە لە تێکڕای ئاسایی کە 13 کەشتییە. هاوکات ئێران ناوی چەند کەشتییەکی تری خستووەتە لیستی ئەو کەشتییانەی کە پابەندی ڕێنماییەکان نین و ڕەنگە دەستبەسەر بکرێن.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.