بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم ڕایگەیاند، کارکردن لە دووسایدی زەڕایەن - دەربەندیخان بەردەوامە و بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، تەواوی ڕێگای نێوان سلێمانی - گەرمیان دەبێتە دووساید.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئاب، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کارکردن لە سەرجەم بڕگەکانی پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای دووسایدی (زەڕایەن - دەربەندیخان) بەردەوامە و پڕۆژەکە قۆناغی گرنگی بڕیوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی گەرمیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پێکهاتووە لە ڕێگایەک بە درێژی 15.5 کیلۆمەتر و بڕی زیاتر لە 185 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. لە ئێستاشدا تیمەکان لە هەموو بڕگەکانی پڕۆژەکەدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی کارەکانن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، تەواوی ڕێگای نێوان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەبێتە دووساید، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی دەربەندیخان بۆ کەلار بە سەرکەوتوویی تەواو کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.