ژەنیار، ئاوازدانەر و فێرکار و دامەزرێنەرى گرووپى موزیک ...!
هەندێک کەسایەتى هەن لەماوەى ژیانیدا بەشێوەیەک تێدەکۆشن ڕۆژ و شەو دەخەنە سەریەک لەپێناو بەدیهاتنى ئامانجەکانیان، کاتێکیش بەجەستە بەجێمان دێڵن، ناو و ناسناو کارو تێکۆشان و بەرهەمەکانى دەبێتە بەشێکى زیندوو لەفەرهەنگ و کەلتوور و ئەرشیفى نەتەوەکەمان و بۆ هەمیشە ناوى بەپیرۆزى دێتە سەرزار.
یەکێک لەو هونەرمەندە دیار و ناودارەى نەتەوەکەمان لەقۆناغى منداڵییەوە تا ئەو ڕۆژەى ئۆغر دەکات و بۆهەمیشە بەجەستە جێیهێشتووین، بەبێ پچڕان و بەبێ ماندوبوون خزمەتى بە هونەرى موزیک و ئاواز و گۆرانى کوردى کردووە، جیا لەو خەسڵەتە بەرزانەى وەک مامۆستایەکى موزیک لەهەوڵى ناساندن و ئاشناکردن و فێرکردنى منداڵانى نەتەوەکەى بووە لەبوارى موزیکدا.
هونەرمەند حەسەنى کامکار یەکێکە لەلوتکە درەوشاوەکانى ئاواز و پێگەیاندن لەبوارى موزیک دا ، لەماوەى نیوسەدە خزمەتکردن بە موزیک و ئاواز و گۆرانى کوردى، هەروەها هاوکار و پشتیوانى دەیان هونەرمەندى گۆرانبێژ بووە، مامۆستا حەسەنى کامکار یەکێک بووە لەو دەست و پل و پەنجە زێرینانەى نەتەوەکەمان کە هونەرى موزیکى بەشێوەیەکى زانستى شۆڕکردەوە بۆناو منداڵانى شارەکەیی و هەروەها خانەوادەکەى، هەریەک لە جگەرگۆشەکانى بەوپەڕى دڵسۆزییەوە لەسەر یەکێک لەئامێرەکانى موزیک پەروەردە وفێرى کردن.
ناو و ناسناوى مامۆستا و هونەرمەند ( حەسەنى کامکار) لەنێو دنیا جوانەکەى هونەردا، لەلاى هونەرمەندان و کۆمەڵى کوردەواریدا بەهەست و ڕۆحمان ئاشنایە کە هونەرمەندێکى مەزنە، بەڵام لەڕووى کەسایەتى و پێگەى کۆمەڵایەتى و ژیانى هونەرییە لەلاى زۆرینەمان ڕۆشن نییە و وەک پێویست نایناسین..!
بەپێویستم زانى و وەک ئەرکێکى سەرشانم هەوڵم دا کە بگەڕێم و بەدواداچوون بۆ ژیانى ئەو ستوونە بەنرخ و باڵایەى موزیک و ئاواز و گۆرانى حەسەنى کامکار بکەم و بیگەیەنمە بەردییەى خوێنەران .
مامۆستا و هونەرمەند حەسەنى کامکار و گەیشتن بەلوتکەى هونەرى موزیک ...!
پێدانى ناسناوى ( شارى سنە، شارى داهێنەرلەبوارى موزیکدا) لەلایەن ڕێکخراوى یونسکۆ لە مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى (2019)، پشت بەستن بەو مێژووە دەوڵەمەندەى ئەوشارە ڕێکخراوى یونسکۆ ئەو ناسناوە بەنرخ و جوانەیان کردە گەردەنى بەرزى شارى سنەى دێرینى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، بێگومان لە دەرئەنجامى ئەو مێژووە دێرینەى لەبوارى موزیک و ئاواز کەلتوور و فۆلکلۆردا شارى سنەى هەیبووە ئەو ناسناوەیان پێ بەخشیوە،
شارى سنە زێدى دەیان هونەرمەندى ڕەسەن و خۆڕسک و ناودارە لە هەموو کایە بەرزەکانى هونەردا.
لەدامێنى کێوى (ئاویەر) دا لەشارى سنەى سەربەرز لە ڕێکەوتى ( 22/3/1923) کۆرپەیەک چاو هەڵدێنێ و نێوى دەنێن ( حەسەن)، (حەسەن کوڕى محەمەد قاسم) لەنێوەندى هونەریدا بە (حەسەنى کامکار) لەتەواوى کوردستان ناسراوە .
زێدەکەى واتە شارى سنە، پێکهاتەو مێژووە باڵاکەى لێوڕێژ بووبێت لەدەنگ و ئاوازى شیرین، لەتەمەنى منداڵییەوە ئەو ژینگە هونەرییەى شارەکەى کاریگەرى لەسەر هەست و نەستى حەسەنى منداڵ دادەنێت، لەتەمەنى منداڵیدا حەزو ئارەزووى بۆ موزیک هەبووە و سەرەتا بە ئامێرى شمشاڵ دەستیپێکردووە،
(ئەوەندەى من بزانم باوکم لەسەرەتاوە لەشارى سنە دەستى بەژەنینى موزیک کردووە، هەرلەمنداڵییەوە حەزێکى تایبەتى بۆ موزیک هەبووە، یەکەم ئامێرى شمشاڵ بووە) (1) .
حەسەنى تەمەن منداڵ و خاوەن بەهرەیەکى زۆرى موزیک و خەون بینین بەوەى زیاتر گەشە بکات، هەوڵ دەدات و ئامێرێکى (تار) لەموزیکژەنێکى نابینا بەناوى (عەلى خان) دەکڕێت، ڕۆژانە هەست و دەست و پەنجەى لەگەڵ ژێی (تار)ـەکەى ئاوێتە دەکات .
هونەرمەند حەسەنى کامکار باس لەو ڕۆژگارە دەکات چۆن ئەو ئامێرى (تار)ـەى کڕیوە و چۆن ڕێگرى لێکراوە (بەهەوڵ و سەختییەکى زۆر چەند شاهییەکم کۆکردەوە و (تار)ـم لە عەلى خان کڕى و بەنهێنى پرۆڤەم لەسەرى دەکرد، بەڵام باوکم و ئەندامانى ترى خێزانەکەم زۆرجار بۆمیان دەشکاند) (2).
کاتێک تەمەنى دەگاتە (12) ساڵ، واتە ساڵى (1935) حەزو ئارەزوو و خۆشەویستى بۆ هونەرى موزیک زێدەتر دەبێت، لەو تەمەندا دەرفەتێکى بۆ دێتە پێش ڕوودەکاتە قوتابخانەى موزیکى نیزامى و لەوێ دادەمەزرێت (تاکە شوێنێک بوو لەسزاکانى باوکم ڕزگارم ببێت، ئەو قوتابخانەیە ڕێگەى پێدام بەدواى گەورەترین خۆشەویستى و خولیاى خۆمدا بگەڕێم ئەویش موزیک بوو )(3).
هونەرمەند حەسەنى کامکار ماوەى (5) ساڵ واتە ساڵى (1940) لەقوتابخانەى موزیکى نیزامى بەردەوام دەبێـت، تێدەکۆشێت و شارەزاییەکى باش پەیدا دەکات و ئاشنا دەبێـت بەئامێرەکانى دیکەى موزیک، لەناو سوپادا فێرى (سۆلفێژ) دەبێـت و زیاتر حەز و ئارەزووەکەى لە ئامێرى (کەمانچە) دا کۆدەکاتەوە و دەبێتە ئامێرى دڵخوازى خۆى.
کاتێک هێدى هێدى دەست و پل و پەنجەى لەگەڵ ئامێرى کەمانچەدا ڕادەهێنێ و ڕۆژ بەڕۆژ تواناى ژەنینى گەشە پێدەدات، لەوساتەوەختەدا دەکەوێتە ژێر کاریگەر و شێوازى ژەنینى هونەرمەندى میوزیکسیانى ئێرانى (ئەبو حەسەن سەبا 4/4/1902_20/12/1957) هانا بۆ کتێبەکەى هونەرمەند ئەبوحەسەن سەبا دەبات لەڕێی ئەو کتێبەوە خۆى فێرى نۆتەو گۆشەکانى موزیک دەکات.
ئەو هەوڵە بەردەوامانەى دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ ژەنینى ئامێرە ژێدارەکانى (تار، سێ تار و ڤیۆلۆن) بەبێ بوونى مامۆستایەکى فێرکار، تەنانەت خودى حەسەن کامکار بەهۆى ئەو شارەزاییەى بەدەستى هێناوە ئامێرەکانى ڕێکخستووە و کۆکى (نەسب) موزیکیشى کردوون.
هونەرمەند حەسەن کامکار لەتەمەنى (21) ساڵیدا ( 1944) ژیانى هاوبەشى لەگەڵ خاتوونێکى هاوشارى خۆى بەناوى ( زەمانەى بەهرامیان1929 سنە) پێکهێناوە، بەروبوومى ئەو ژیانە هاوبەشە (7) کوڕ و (1) کەنیشکە.
ناوى منداڵەکانى هەموو ناوى کوردى جوان و سەرنج ڕاکێشن وەک:
1/ هوشەنگ کامکار ( 26/2/1947).
2/ بیژەن کامکار ( 19/12/1949).
3/ پەشەنگ کامکار ( 1/12/1951).
4/ قەشەنگ کامکار ( 14/2/1954).
5/ ئەرژەنگ کامکار ( 24/7/1956).
6/ ئەرسەلان کامکار ( 23/12/1960).
7/ئەردەشیر کامکار ( 19/11/1962).
8/ ئەردەوان کامکار ( 7/7/1968).
لەدیمانەیەکدا نووسەر و ڕۆژنامەنووس (مەحمود زامدار 1944_8/9/2011 هەولێر ) دەربارەى ناونانى منداڵەکانى لە خاتوو( زەمانەى بەهرامیان) دەپرسێ:
ئەو ناوە کوردییە جوانانە کێ ناوى کوڕەکان و کچەکەتى لێناوون؟
_ زەمانەى بەهرامیان: سەرەتا سێ کوڕم بوو ئینجا قەشەنگ بوو دواى ئەوە هەموویان کوڕ بوون، حەوت کوڕ و کەنیشکێ، باوکیان (حەسەنى کامکار) ساڵى دووجار تا سێ جار شانامەى دەخوێندەوە، ئەوکات کەمنداڵەکان دەهاتنە دنیا خۆى ناوى لێ دەنان، دایک و کەس وکارى دەیانووت با ناویان ئەحمەد، محەمەد و حوسێن ،،،،تاد ئەو دەیووت من هەرلەڕووى شانامەوە ناویان دەنێم ) (4)
دواى سەرکەوتنى بەسەر حەز و ئارەزووە هونەرییەکەى هونەرمەند حەسەنى کامکار دەبێتە ڕابەرى ئۆرکێستراى نیزامى (سەربازى) شارى سنە، لەبەرئەوەى شارەزاییەکى باشیی لەسەر خوێندنەوەى نۆتەى موزیک هەبوو ئامانجى بووە لەوڕێگەیەوە پەروەردەکردنى منداڵ و گەنجانى شارەکەیی و ئاشنا و فێرى موزیکیان بکات، بەڵگەى دروستى ئەو وتەیە فێرکردنى جگەرگۆشەکانى خۆى بووە بەزمان و هونەرى موزیک، دواى چەند ساڵێک مامۆستا حەسەنى کامکار دەگوازرێتەوە بۆ شارى ڕەزایە (ورمێی ئێستا) وەک ڕابەرى ئۆرکێستراى نیزامى ڕەزایە، لەکاتى ڕاپەڕاندنى ئەرکە سەربازى و هونەرییەکە لەڕەزایە، بیرو هۆشیی هەرلەلاى شارى سنە بووە و ئاواتى بووە هونەرى موزیک زیاتر گەشەبکات و لەگەڕانەوەکانیدا بۆشارى سنە بەپێى دەرفەت چەند ئامێرێکى ڤیۆلۆنى لەگەڵ خۆیدا بردۆتەوە بۆ شارى سنە،
یەکێک لە گەورە هونەرمەندە ژەنیار و ئاوازدانەرەکانى کوردستان و شارى سنە هونەرمەند (حوسێن یوسف زەمانى 1933سنە_31/12/2013تاران) سەبارەت بەسەرەتاکانى ئاشنابوونى بەدنیاى هونەر دەڵێت (لەکوردستاندا (مەبەستى شارى سنەیە) کەسێک نەبوو ڤیالۆن بژەنێ، یان ئەگەر بووبێتیش نەمان دەناسین، بەهەرشوەیەک بوو خوالێخۆشبوو (حەسەن کامکار) کەئەو کاتە خۆى لەدەستەى مۆسیقاى ورمێ دا بوو بۆ پشوودان هاتبۆوە سنە، سێ چوار ڤیالۆنى لەتەک خۆیدا هێنابۆوە تا بیان فرۆش، ئێمە هەرئەو ڕۆژە دانەیەکمان لە ڤیالۆنە لە حەسەن کامکار کڕى، دواى دوو سێ ساڵ کە زانیاریمان لەبارەى ڤیالۆن ژەنین پەیداکرد، خوالێخۆشبوو حەسەن کامکار لە ورمێ وە گوازرایەوە بۆ سنە، ئیتر لەوێ پلەدار بوو سەرپەرشتى دەستەى مۆسیقاى لەشکرى بوو، دواى ماوەیەک پێوەندى و دۆستایەتیمان پەیداکرد و پتەوکرد لەسەرئەوە ڕێککەوتین کە خولێکى فێربوونى مۆسیقا بکەینەوە)(5).
هونەرمەند حەسەنى کامکار و دامەزراندنى گرووپى موزیک و کارکردن لەڕادیۆى سنە ..!
سێیەمین ڕادیۆ دواى ڕادیۆى ( تاران و تەبرێز) ،لەساڵى (1948) ڕادیۆى شارى سنە دادەمەزرێت و دەست بەپەخشى بەرنامەکانى دەکات، دەستپێکى کارى هونەریی لەڕادیۆى سنە کۆمەڵێک هونەرمەندى ژەنیار وەک گرووپێکى موزیک دەبنە پشتیوان و هاوکارى هونەرمەندان بۆ خوێندنى گۆرانییەکانیان لەوسەردەمەدا.
هونەرمەندى گۆرانیبێژ (حسێنی شهریفی 1951 گهڕهكی قهتارچیانی شاری سنه) لەدیدارێکیدا باسى ئەو گرووپە هونەرییە دەکات کەلەسەرەتاى ڕادیۆى سنە بریتى بوون لە هونەرمەندان :
1/ حوسێنی فهلسهفی، ئامێری (سهنتوور).
2/ نهسرهتوڵڵای حهدادی( 24/10/1929_ 1998)، ئامێری ( كهمان _ڤیۆلۆن) ڕههبهری ئۆركێست و بەڕەگەز كورد بوو.
3/ گریشازاده ( گریشا میكائیل زاده28/8/1929_6/4/1999)، ئامێری ( كهمان _ڤیۆلۆن) لەبنەڕەتدا خەڵکى قهوقاز بوو.
4/ فهرهیدونی برۆخیم، ئامێری ( زهڕب) كوردێكی بهئایین جوولهكه بوو .
ئهو ئۆركێسترا چوار موزیكژهنهی ڕادیۆی سنه لهگهڵ گۆرانیبێژان: (حهسهن زیرهك، بههادینی نهوروزی، مهزههری خالقی، حیکمەتى نهوبهری، وهلیدی شهریفی باوكی فهتانه و حوسێنی شهریفی) بهشدارییان كردووه(6).
لەناوەڕاستى پەنجاکانى سەدەى پێشوو، هونەرمەند حەسەن کامکار بەهاوکارى کۆمەڵێک هونەرمەندى ژەنیار ئۆرکێستراى ڕادیۆى سنە دادمەزرێنن و خۆى دەبێتە سەرۆکى ئۆرکێستراى ناوبراو.
ئەو کۆمەڵە هونەرمەندە ژەنیارە بەوپەڕى دڵسۆزیەوە تێدەکۆشن و دەست دەخەنە نێو دەستى یەکترى لەپێناو خزمەتکردن بەهونەرى موزیک و گۆرانى و ژێرخانى هونەرى موزیک و گۆرانى شارى سنە و دەوروبەرى زیندوو دەکەنەوە و لەفەوتان ڕزگارى دەکەن،
خزمەتێکى زۆر بەهونەرمەندان (حەسەن زیرەک، مەزهەرى خالقى، ساڵەح پیرزوهەیرى، فەتانەى وەلیدى، بەهادینى نەوروزى، مەهدى حوجەتلسادات، شەریف وەلیدى،فەرەیدونى ئەردەڵان، باباشەهابى، عەباسى کەمەندى، شەهێن تاڵەبانى، محەمەدى عەزەم ، ئیرەجى عەندەلیبى، حسێنى شەریفى، هوشەنگ شگرف و ...تاد) .
دواى هەوڵ و ماندوبوونێکى زۆر هونەرمەند حەسەنى کامکار لەساڵى (1961) بەهاوکارى وەزارەتى فەرهەنگ و هونەرى ئێران یەکەمین پەیمانگاى موزیک لەشارى سنە دادەمەزرێنێ، بەهۆى ئەو توانا و لێهاتووییەوە هەوڵ دەدادت (3) گرووپى موزیک دادەمەزرێنێت وەک :
1/ گرووپى موزیکى ژنان .
2/ گرووپى موزیکى منداڵان .
3/ گرووپى موزیکى گەورە ساڵان (لەژن و پیاو).
ئەو گرووپە موزیکیى یانە تا ساڵى (1979) بەرلەشۆڕشى ڕاپەرینى گەلانى ئێران چالاک بوون.
(لەوسەردەمەدا لەشارى سنە دروستکردنى گرووپێکى مۆسیقا بۆ ژنان ئەرکێکى زۆر قورس بوو، هەریەک لەوسێ گرووپە موزیکیە ستایل و گۆرانیبێژى جیاوازیان هەبووە، هەروەها چەندین کۆنسێرتیان لەشارى سنە و شارەکانى پارێزگاى کوردستان سازکردووە، ئەمەش وایکرد خەڵکى کوردستان و شارە کوردییەکان ئاشناى موزیک بکەن و هونەرمەندان بانگهێشت بکەن) (7).
لەساڵى (1959) هونەرمەندى ژەنیارى بەتوانا (موجتەباى میرزادە 17/3/1945_17/7/2005) دەچێتە شارى سنە، لەوکاتەدا هونەرمەند حەسەنى کامکار سەرپەرشتیارى ئۆرکێستراى ڕادیۆى سنە بووە لەنزیکەوە ئاشنا دەبێت بە هونەرمەندى موزیکژەن موجتەباى میرزادە (حەسنى کامکار هەست دەکات میرزادە زۆرباش ڤیۆلۆن دەژەنێ، داواى لێدەکات بێتە ناو ئۆرکێستراکەیەوە، ماوەى ساڵێک لەڕادیۆ سنە وەک ژەنیارێکى ئاسایی ئۆرکێستراى ڕادیۆى سنە کارى کردووە) (8).
یەکێک لەکارە هەرگرنگەکانى هونەرمەند حەسەنى کامکار، شۆڕکردنەوەى هونەرى موزیکە بۆ ناو ئەندامانى خانەوادەکەیی و پەروەردە و فێرکردنى جگەرگۆشەکانى بووە، لەساڵى (1965) گرووپێکى موزیک لەمنداڵەکانى پێک دەهێنێ و دواى ماندوبوون و زەحمەتێکى زۆر لەگەڵیاندا، گرووپى مۆسیقاى کامکارەکان لەساڵى (1967) بەسەرپەشتى باوکیان حەسەنى کامکار دەست دەکەن بەچالاکى هونەریی، ئەو گرووپە موزیکییە تائەمڕۆش بەردەوامن لە چالاکى و تێکۆشانى هونەریی، هوشەنگ کامکار دەڵێت (ئێمە هەموومان سەرەتا لاى باوکمان مۆسیقا فێربووین، دواتر چووینە زانکۆ خوێندنى هونەریمان درێژەپێدا، بۆ ئەو خوێندنانەش ئێمە قەرزارى باوکمانین کە یارمەتى داوین، باوکم تەواوى هێزى خۆى بۆ ڕۆشنبیرى و مۆسیقاى کوردى تەرخان کرد، لەسنە خولى مۆسیقاى دەکردەوەو چەندین ساڵ خەڵکى فێرى مۆسیقا کرد، ئێستاش زۆر لەمۆسیقاژەنانى ئێرانى هەن کە مۆسیقا لە کوردستان لەلاى باوکم فێربوون) (9).
هەتا زیاتر کێوماڵ بەنێو ژیانى هونەریی ئەو مامۆستا و هونەرمەندە بەپەرۆشە بۆ گەشەکردنى مۆسیقاى کوردى دا بکەین، لەگەنجینە بەنرخەکەى کارى زیاتر دەردەکەوێت، سەرەڕاى ئەو هەموو هەوڵ و خۆماندوو کردنە لەدامەزارندنى گرووپ و ئۆرکێسترا و کردنەوەى خولى موزیک، دواى هەوڵێکى زۆر و داواکارى لەبەرپرسانى ئەوسەردەمى شارى سنە ناچار کردنیان بە دامەزراندنى (پەیمانگاى باڵاى موزیک) لەوشارەدا، هەروەها ساڵانێکى زۆر خۆى سەرقاڵ کردووە بە کۆکردنەوەى میلۆدییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان و نووسینەویان و بەنۆتەکردنى ئەو ئاوازە کوردییانە (لەچالاکییەکانى ترى باوکم، بەرهەمهێنان و تۆمارکردنى نزیکەى (400) پارچە مۆسیقا لەلایەن گرووپە موزکییە جیاوازەکانەوە ) (10).
جیا لەژەنینى ئامێرە ژێدارەکان و وتنەوەى وانەى موزیک و ئاوازدانان، هونەرمەند حەسەنى کامکار دەڵێن دەنگیشى خۆش بووە، بەڵگەش بۆ سەلماندنى ئەو ڕایە خاتوو (زەمانەى بەهرامیان) هاوسەرى مامۆستا حەسەنى کامکار دەڵێت (خۆى دەنگى خۆش بوو، بەڵام باب و باپیرى نا..! بیژەن کە دەنگى خۆشە لەباوکییەوە فێربووە) (11) .
هەوڵ و هیمەتى خەمخۆرانەى هونەرمەند حەسەنى کامکار و گرووپى کامکارەکان لەسەرەتاى ساڵى حەفتاکانى سەدەى پێشوو لەگەڵ هونەرمەندان ( محەمەد ڕەزا لوتفى 1947_2014)، (پەرویزى مشکاتیان 1955_2009) و (حسێن عەلیزادە 1951) گرووپى موزیکى (عارف و شیدا) دامەزراندووە، لەسەرەتاى ساڵى (1979) یەکەم کۆنسێرتیان پێکەوە ئەنجامداوە.
هونەرمەند حەسەنى کامکار، کەسێکى دڵسۆزو خەمخۆر بۆ خانەوادەو هونەرى موزیک، بە تەنیا شەیداو عاشقى موزیک نەبوو..!، بەڵکو خۆى لەپێناو سەرخستن و پێشکەوتنى موزیکدا وەک مۆم سوتاندووە، هەمیشە دەرگاى ماڵەکەى خستۆتە سەرپشت و ئاوەڵا بووە بەڕووى ئەو کەسانەى خولیاو حەزو ئارەزووى موزیکیان هەبووە، تائەو جێیەى توانیبێتى هاوکار و پشتیوانى هونەرمەندان بووە لە ژەنینى موزیک، ئاواز دانان و ئامادەو دابەشکردنى موزیک، هەرچەندە زۆر لەهونەرمەندان لەسەر خوانى ڕەنگاو ڕەنگى هونەریی حەسەنى کامکار فێربوون و پێگەیشتن، یەکێک لەو هونەرمەندانەى کە ئاغاى کامکار هاوکار و پشتیوانى بووە، هونەرمەند (حیکمەتى نوبەرى 2/4/1934_ 8/2/2022 سنە) بەڕێز (حەمیدى نوبەرى) کوڕى هونەرمەند پێی ڕاگەیاندم (كهسایهتییهكی ناودار و بهناوبانگی شاری سنه، لهبهرئهوهی خزمایهتی لهتهك بنهماڵهی ئێمهدا ههبووه، بهناوی (میرزا ئاغای عهلاقه بهندان)، باوكم لهتهمهنی لاوییدا بووه لهتهمهنی (17بۆ18) ساڵان بووه، بههرهی دهنگخۆشیی و توانای چڕینی گۆرانی لهباوكمدا بهدی كردووه، باوكم لهتهك خۆیدا دهبات و ئهیناسێنێ بهئاغای حەسەنى كامكار، ههڵبهته ئهو كاته كۆمهڵێك مامۆستای تری هونهرمهند ههبوون لهسنه، بهڵام ئاغای حەسەنى كامكارلهبهرئهوهی بهشێوهیهكی زانستی مۆسیقای زانیوه و نۆتهی نووسیوه و بۆخۆشیی ژهنیاری ئامێری ڤیۆلۆن بووه، شارهزایی تهواوی ههبووه له مۆسیقا و ئامادهكردنی گۆرانی و ئاوازدانان دا، كاتێك دهنگی باوكم تاقیدهكاتهوه، زۆری بهدڵ دهبێ و بهڵێنی هاوكاری پێدهدات و بهیهكهوه كاری هونهری له ڕادیۆ سنه ئهنجام دهدهن)(12).
هونەرمەند حەسەنى کامکار هەموو توانا و بیرکردنەوەى خستۆتە خزمەتکردن بەهونەرى موزیک و گۆرانى، لەسەر ئەو شێوازە هونەرییە کە خزمەتکردنە بەردەوام دەبێت تا ساڵى (1979) لەگەڵ دەستپێکى شۆڕشى گەلانى ئێران، بەهۆى لەمپەر دروستکردن لەڕێی کارە هونەرییەکانى دووچارى نائومێدى و داڕمانى ڕۆحى دەبێت، ناچار زێدەکەى شارى سنە جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە تارانى پایتەختى ئێران،
لەساڵى (1972) هەندێک لەمنداڵەکانى (هۆشەنگ، بێژەن،پێشەنگ، ئەرسەلان و ئەرژەنگ) بەمەبەستى خوێندنى هونەر، ڕوودەکەنە تاران لەزانکۆى هونەرە جوانەکان دەخوێنن و لەوێ دەمێننەوە،
سەبارەت بەو بارودۆخە ناهەموارەى ڕووبەڕووى هونەرمەند حەسەنى کامکار دەبێتەوە و دەبێتە هۆى ناڕەحەتى دەروونى لەسەرەتاى ساڵى (1979)، هوشەنگ کامکار دەڵێـت (دوای ئاژاوەگێڕییەکانی شاری سنە، کۆمەڵێک کەس هێرشیان کردە سەر قوتابخانەی مۆسیقای باوکم و هەموو ئامێرەکانیان لەناوبرد، ئەم ڕووداوە بۆ باوکم بە مانای مردن بوو، لەو کاتەدا براکانم لە تاران بوون)(13).
زەمانە خاتوونى هاوسەریی باسى ئەو ڕووداوە تراژیدیایە بەوشێوەیە دەکات (دەیووت من ماڵ و حاڵى خۆم بەجێ ناهێڵم، ئیتر کلاسى مۆسیقاکەیان لێ داخست و هەرچى کەل و پەل و ئامێرى مۆسیقاى هەبوو ووردیان کرد..؟! ئەویش دڵ کەندە بوو، هەرئەو ئازارە شێرپەنجەى گرت و پێی مرد، گووتیان شێرپەنجەیە، شێرپەنجەى چى؟ حەسەن دڵى تۆقى لەخەمى ئامێرە مۆسیقیەکانى و داخستنى کڵاسەکەى) ( 14) .
جێى داخە بەوپەڕى نائومێدییەوە شارى سنە جێدەهێڵن و لەشەقامى (جەمهورى) لەتاران خانوویەکى بچوک دەکڕن، بەهەوڵ و پشتیوانى زەمانە خانى هاوسەرى لەناخ و دڵ و دەروونەوە خوانەکەیان و دڵ و دەروونیان بەهێندەى دەریایەک گەورەو فراوان دەبێت، گەلێک هونەرمەندى ناودار دەبنە میوانى ئەو خوانە ڕەنگین و فرە لەموزیک و ئاواز .
دواى بەسەربردنى (69) ساڵ لەتەمەن، تەمەنێک لێوڕێژ لە تێکۆشان و هەوڵدان و خزمەتکردن بەهونەرى موزیک و ئاواز و کۆکردنەوەى گۆرانى و دامەزراندنى گرووپى موزیک و کردنەوەى خولى فێربوونى موزیک، هونەرمەند و مامۆستا حەسەنى کامکار لە ڕێکەوتى ( 14/5/1992) دڵە گەورەکەى لەلێدان دەکەوێت و بۆهەمیشە ژیانئاوایی لە هونەر و ئاوازى کوردى و شارى سنەى زێدى و خانەوادەو ئازیزانى دەکات،
تەرمى هونەرمەند و مامۆستا حەسەنى کامکار لە گۆڕستانى (شێخ زادەى تایرى کەرەج) لە ئامێزى خاکى کوردانى کەرەج دا نێژراوە .
دروود و سڵاو بۆ ڕۆحى پاکى و یادو یادەوەرییە هونەرییەکانى هەردەم لەلوتکەى شکۆییدا بمێنێتەوە.
جەمال عومەر (جەمالى دەلاک) 16/8/2026 سلێمانى.
سەرچاوە:
(1و 7 و 10 و 13) ڕۆژنامەى ئێران: چاوپێکەوتن لەگەڵ (هوشەنگ کامکار) بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی پرۆفیسۆر حەسەن کامکار،،،، ( 23/2/2019) .
(2 و 3) مۆسیقاى ڕەسەنى ئێرانى، ژیاننامەى کۆچکردوو پرۆفیسۆر حەسەن کامکار، سایتى (BLOGFA).
(4 و 11 و 14) زەمانەى بەهرامیان.. کامکاران.. دواندنى مەحمودزامدار، گۆڤارى ڕامان ژمارە (47) (5/5/2005) لاپەڕە (294).
(5) حوسێن یوسف زەمانى: نهێنى مانەوەى هونەر لەڕەسەنایەتى و خۆماڵى بوونیدایە، هەڤپەیڤین ( بەدرەدین ساڵەح _ تاران) گۆڤارى ڕامان ژمارە (64) لاپەڕە(90).
(6) چاوپێكهوتن لهگهڵ هونهرمهند حوسێنی شهریفی، دیمانه: وریا ئهحمهد، گۆڤاری (چلاواز) ژماره (31) ئهیلولی (2008)، لاپهڕه( 34).
(8) کتێبى موجتەباى میرزادە،، شانازیی موزیکى کوردى دلێر سەلیم ، لاپەڕە (14).
(9) هۆشەنگ کامکار ، گۆڤارى ڕامان ژمارە( 39) لاپەڕە (100) هەڤپەیفینى (دڵشاد خۆشناو _ تاران) .
(12) پهیوهندی تهلهفۆنی لهگهڵ بهڕێز (حهمید نوبهری) كوڕی هونهرمهند حیكمهت نوبهری، ڕۆژی ههینی ( 4/10/2024) ( فنلهندا _ ههولێر / كوردستان) .

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.