لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێکی گەشتیاریی پۆڵەندی لەسەر یەکێک لە شاڕێ سەرەکییەکانی وڵاتی هەنگاریا، لانی کەم 12 کەس گیانیان لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
پیتەر مادیار، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (16ی ئابی 2026) ڕووداوەکەیان پشتڕاست کردەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی پۆلیسی هەنگاریا، ڕووداوەکە لە کاتژمێر 1:00ی بەرەبەیاندا لەسەر شاڕێی M3 لە نزیک ناوچەی "مێزۆکێرێستێس" ڕوویداوە، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی بوداپێستی پایتەخت. پاسەکە بە هۆکارێکی نادیار کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی لەو ناوچەیەدا.
تیمەکانی فریاگوزاری و پۆلیس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی دەوروبەر گواستووەتەوە. پۆلیس ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی وردیان لەبارەی هۆکاری وەرگەڕانی پاسەکە دەستپێکردووە، لە کاتێکدا کە بارودۆخی تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکان بە "ناجێگیر" وەسف کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.