Erbil 31°C پێنجشەممە 13 ئاب 18:44

نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی زیادکردنی سزاکانی تورکیا بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی دەکات

100%

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 13ی ئاب، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نەتەوەیه‌كگرتووه‌كان هەموارکردنی یاساکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی تورکیای ئیدانە کرد و ڕایگه‌یاند، ڕه‌نگه‌ یاساكه‌ ببێتە هۆی سزای زیندانی درێژخایەنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ، ئه‌مه‌ش وه‌كو خۆی ده‌ڵێت پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه‌.

کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردووه‌ته‌وه‌، ئەو هەموارکردنانەی کە پەرلەمانی تورکیا لە 8ی ئاب بۆ یاسای پاراستنی منداڵ پەسەندی کردووه‌، به‌شێك له‌ بڕگه‌كانی له‌گه‌ڵ مافی مرۆڤی منداڵاندا نایه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی تری یاسایی بۆ بكرێت.

له‌ بەیاننامەکەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووه‌: ڕەنگە هەندێک پێشنیاز ئەرێنی بن، وەک ئەوانەی ئامانجیان دەستەبەرکردنی هەماهەنگی باشترە لە نێوان پاراستنی منداڵ و خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە پێشنیارەکانی دیکە نیگەرانی جددی دروست كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ جۆری سزاكان و ئاستی ته‌مه‌نه‌كان.

یەکێک لە دیارترین بڕگەکانی یاسا نوێیەکە توندکردنەوەی سزای زیندانییە کە بەسەر تاوانبارانی نەوجەوانانی تەمەن نێوان 12 بۆ 18 ساڵدا سەپێنراوە.

پڕۆژه‌ یاسا په‌سه‌ندكراوه‌كه‌، باس لە تاوانەکانی سزادانی هەتاهەتایی دەکات و لەم حاڵەتەدا سنووری سزادان بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی داناوە، کە بریتییە لە 10 بۆ 18 ساڵ زیندانی بەپێی جۆری تاوانەکە.

 بۆ منداڵانی کەم تەمەن لە نێوان 12 بۆ 15 ساڵ، هەروەها 15 بۆ 27 ساڵ زیندانیکردن بەپێی جۆری تاوان بۆ منداڵانی کەم تەمەن لە نێوان 15 بۆ 17 ساڵ خراوه‌ته‌ڕوو.  

ڤۆڵكه‌ر تورک، تیشکی خستووه‌ته‌ سەر گرنگی هەموارکردنەوەی یاساکە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو بڕگەکانی بە تەواوی لەگەڵ پابەندبوونەکانی تورکیا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ یه‌كده‌گرێته‌وه‌ یاخود نا .

کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە کە بەندکردنی منداڵان تەنها وەک دوا ڕێگا و بۆ کەمترین ماوە ڕێگەپێدراوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.