یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە ناوچە ئەمنییەکانی ناو خاکی لوبنان، سووریا و کەرتی غەززە دەمێننەوە. ئەم لێدوانانە نیگەرانیی واشنتنی لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە توندی ڕەخنەی لەو ئاراستە نوێیەی تەلئەبیب گرت.
ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" بڵاوی کردەوە، کە کاتس لە میانی سەردانێکی مەیدانییدا بۆ باشووری لوبنان لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕایگەیاندووە: "فەرمانم بە سوپای ئیسرائیل کردووە هەموو هەنگاوە پێویستەکان بگرنە بەر بۆ ئامادەکاریی مەیدانی بە مەبەستی بوونی سەربازیی درێژخایەن لە ناوچەکەدا."
ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ڕەتکرانەوە. بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن چاوەڕوان دەکات هەموو لایەنەکان پابەندی ئەو چوارچێوەیە بن کە لەسەری ڕێککەوتوون. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل پێشتر بە ڕوونی ڕایگەیاندبوو کە هیچ تەماحێکی خاکی لە ناو لوبناندا نییە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە جەختی کردەوە، کە بوونی سەربازیی هەمیشەیی لە باشووری لوبنان لەگەڵ بنەماکانی ئاشتی و ئاسایشی درێژخایەن ناگونجێت. گوتیشی: "ئەمریکا بە تەواوی پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان دەکات؛ ڕێککەوتنەکان بە ڕوونی باس لە کشانەوەی پلەبەپلەی هێزەکان دەکەن، کە هاوکات بێت لەگەڵ داماڵینی چەکی حیزبوڵا و تێکدانی ژێرخانە سەربازییەکانی ئەو حیزبە."
هاوکات، کەناڵی 12ی ئیسرائیلی پشتڕاستی کردەوە کە کۆشکی سپی بە فەرمی ناڕەزایەتیی خۆی گەیاندووەتە حکومەتی ئیسرائیل سەبارەت بەم بڕیارە نوێیەی وەزیری بەرگری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.