Erbil 31°C پێنجشەممە 13 ئاب 02:12

نێچیرڤان بارزانی: یاسای نوێی تورکیا وەرچەرخانێکی گرنگە بەرەو ئاشتیی بەردەوام

100%

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی پێشوازی لە پەسەندکردنی یاسای "بەهێزکردنی تەباییی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە کرد. سەرۆکی هەرێم ئەم هەنگاوەی بە "ئازایانە" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە تورکیا و تەواوی ناوچەکەدا.

لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە ئاشتی و دیالۆگ دروستترین بژاردەن و سەردەمی بەکارهێنانی چەک و چارەسەری سەربازی بەسەرچووە. سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم یاسایە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بونیادنانی متمانە و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی تورکیادا، و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پشتیوانی لێ بکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی و پێزانینی خۆی ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرجەم ئەو سەرکردانە کرد کە لە بەدیهێنانی ئەم یاسایەدا بەشدار بوون. نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پشتیوانێکی تەواوی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و چەسپاندنی سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکەدا.



دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 

بە گەرمی پێشوازی لە پەسەندکردنی یاسای "بەهێزکردنی تەباییی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" لە پەرلەمانی تورکیا دەکەم. ئەم هەنگاوە ئازایانەیە، وەرچەرخانێکی گرنگە بەرەو بەدیهێنانی ئاشتیيه‌كی بەردەوام و ئارامى و سەقامگیری لە توركيا و ته‌واوى ناوچەکەدا.

ئێمە هەمیشە بڕوامان وایە کە ئاشتی و دیالۆگ دروستترين بژارده‌ن و سەردەمی چەک و چارەسەری سەربازی بەسەرچووە. ئەم یاسایە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بنیاتنانی متمانە و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکانی تورکیا. پێويسته‌ هه‌مووان پشتگيرى لێ بكه‌ن و كار بۆ سه‌رخستنى ئاشتى بكه‌ن.

پێزانين و دەستخۆشی بۆ جەنابی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرجەم ئەو سه‌ركرده‌ و لایەنانە دووپات دەکەمەوە کە له‌ به‌ديهێنانى ياساكه‌دا بەشدار بوون. وەک هەمیشە پشتیوانیی تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی ئاشتی و سەقامگیری دووپات دەکەینەوە.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/8/12

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.