حسێن خواجەئەمیری، ناسراو بە (ئیرەج) یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگەکانی مێژووی موزیک و ئاوازی ئێرانی، ئەمڕۆ چوارشەممە (12ی ئابی 2026) دوای ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشی و لە تەمەنی 93 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئیرەج کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت دەیە لە کایەی هونەریدا بەردەوام بوو، دەنگەکەی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە یادەوەریی چەندین نەوەی ئێران و ناوچەکە دەبینرێت.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە لە ساڵی 1933 لە دایکبووە و سەرەتای فێربوونی مەقام و ئاوازی لای باوک و باپیری دەستپێکردووە، دواتر لە تاران لە لایەن مامۆستا (ئەبولحەسەن سەبا) پەروەردە کراوە.
ئیرەج لە ساڵی 1957ـەوە چووە ناو بەرنامەی بەناوبانگی ڕادیۆیی (گوڵەکان) و لەوێوە ناوبانگێکی جیهانیی پەیدا کرد. ئەو لە ماوەی ژیانی هونەریدا لە 213 بەرنامەی جیاوازی گوڵەکاندا بەشداریی کردووە و هاوکاریی گەورە موزیکژەنەکانی وەک عەلی تەجویدی و فەرهەنگ شەریفی کردووە.
بەهۆی هێز و پانتایی دەنگەکەیەوە، ناسناوی (پاڵەوانی ئاواز)یان پێ بەخشیبوو.
محەمەدرەزا شەجەریان ئەفسانەی کۆچکردووی ئاوازی ئێرانی لە مەڕاسیمێکی ڕێزلێناندا لە ساڵی 2013 ڕایگەیاندبوو کە دەنگی ئیرەج لە گۆرانیگوتنی ئێرانیدا وەک پێوەر و ستاندارد (متر و معیار) هەژمار دەکرێت و توانای گەرووی ئەو لە بەرزترین ئاستدایە.
کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە وەک کۆتاییهاتنی سەردەمێکی زێڕینی موزیکی کلاسیکی ناوچەکە دەبینرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.