بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە (12ی ئابی 2026)، شەپۆلێکی توندی گەرما چەندین وڵاتی ئەوروپا بگرێتەوە. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 92 ملیۆن هاووڵاتی لە ناوچە جیاجیاکانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا ڕووبەڕووی پلەی گەرمیی سەروو 35 پلەی سەدی دەبنەوە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی گەرما لە مانگی ئابدا، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی کیشوەری ئەوروپا دەگرێتەوە، بە جۆرێک کە نزیکەی 300 ملیۆن کەس لەو ناوچانەدا دەژین کە پلەی گەرما تێیدا لە 30 پلە تێپەڕ دەکات. ئەوروپا لە ئێستادا وەک ئەو کیشوەرە دەبینرێت کە پلەکانی گەرما تێیدا بە خێراترین شێوە لە سەر ئاستی جیهان لە بەرزبوونەوەدان.
لە فەڕەنسا، نزیکەی 30 ملیۆن کەس لەو ناوچانەدا دەژین کە گەرمایەکی یەکجار زۆر تۆمار دەکەن، جگە لە ناوچە شاخاوییەکان و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە. هاوکات لە ئیتاڵیا 29 ملیۆن کەس و لە ئیسپانیا 21 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی هەمان دۆخ دەبنەوە. شەپۆلەکە بەرەو ناوچەی بەڵقان و یۆنانیش درێژ دەبێتەوە و کاریگەریی قورسی لەسەر ژیانی ڕۆژانە دەبێت.
شانشینی یەکگرتووش (بەریتانیا) لەم شەپۆلە بێبەش نابێت؛ پێشبینی دەکرێت لەو ناوچانەی کە 43 ملیۆن هاووڵاتی تێدا نیشتەجێن، پلەی گەرما لە 30 پلە تێپەڕ بکات. دەستەی کەشناسیی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە هاوینی ئەمساڵ لە لێواری ئەوەدایە ببێتە گەرمترین هاوین لە مێژووی تۆمارکراوی ئەو وڵاتەدا.
ئەم ئامارانەی ئاژانسی "فرانس پرێس" لەسەر بنەمای تێکەڵکردنی مۆدێلی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئەڵمانیا و داتاکانی چڕیی دانیشتووان بۆ ساڵی 2026 ئامادە کراون. شارەزایانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە ئەم شەپۆلە بەردەوامانەی گەرما نیشانەی جددیی گۆڕانی کەشوهەوان و پێویستییان بە گرتنەبەری ڕێکاری خێرا هەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.