ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەتی دەكاتەوە هیچ مەترسییەك لەسەر دابەشكردنی مووچە هەبێت وەك ئەوەی پێشتر دەگوترا كە رەنگە بەهۆی قەیرانی داراییەوە مووچە لە عێراقدا ببێتە 45 رۆژ جارێك.
مەنسوور بعێجی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق ڕایگەیاندووە: دوێنێ دووشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فالح ساری وەزیری دارایی و نزار ناسر حوسێن پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبۆوە، لە كۆبوونەوەكەدا دڵنیایی درا كە دۆخی دارایی باشە و جێگەی دڵنیاییە.
راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا نزار ناسر حوسێن پارێزگاری بانکی ناوەندی دووپاتی کردەوە کە ئێستا 109 تریلیۆن دیناری عێراقی یەدەگ لە خەزێنەی حكوومەت هەیە، ئەمەش بە نزیکەیی بەشی 10 مانگی مووچە دەکات، ئەمە بێجگە لە بوونی یەدەگی زێڕ و ئەو داهاتانەی كە رۆژانە بەدەست دەهێنرێت.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا جەختی كردەوە كە مووچە بە تەواوی مسۆگەر کراوە، بۆیە پێویست بە دڵەڕاوكێ نەكات.
مەنسوور بعێجی جەختیشی كردەوە كە ئێستا تێگەیشتنی باش لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.
هەر ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق هەفتەی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا گوتبووی: حکوومەتی عێراق بەهۆی بەردەوامی شەڕی ئێران و ئەمریكا و داخستنی گەرووی هورمزەوە، ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە و مەترسیدار بووەتەوە.
هۆشداریشی دابوو كە ئەگەر بەپەلە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەست پێ نەکاتەوە، دواکەوتنی گەورە لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران ڕوو دەدات و ڕەنگە دابەشکردنی مووچە لە عێراق ببێتە 45 ڕۆژ جارێک.
پێشنیاریشی كردبوو حکوومەتی عێراق شاندێکی سیاسی باڵا لە سەرجەم کوتلە سیاسییەکان پێکبهێنێت و ڕەوانەی ئێرانی بکات بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ڕێگەپێدانی کەشتی نەوتهەڵگر بدرێت لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕن و نەوتی عێراق هەناردەی دەرەوە بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.