Erbil 31°C دووشەممە 10 ئاب 21:16

موجتەبا خامنەیی فەرماندەیەکی نوێی بۆ هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەستنیشان کرد

100%

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە بەردەوامیی گۆڕانکارییە ڕیشەییەکانی لە ناو لوتکەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکاندا، "عەلی عەزمایی" وەک فەرماندەی نوێی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەستنیشان کرد. ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی تری ڕێبەری نوێ دەبینرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی جومگە هەستیارەکانی سەربازی و ئەمنیی وڵاتەکەی.

ئەم دەستنیشانکردنە لە کاتێکی یەکجار هەستیاردا دێت، کاتێک ئاسایشی دەریایی لە گەرووی هورمز و دەریای سوور لە ناو جەرگەی ململانێیەکی توندی نێوان تاران و واشنتندایە. عەلی عەزمایی، کە ئێستا جڵەوی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی پێسپێردراوە، ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە دەبێتەوە لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی تاران بۆ داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان و بەرپەرچدانەوەی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا.

چاودێرانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، کە موجتەبا خامنەیی لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییانەوە دەیەوێت تیمێکی یەکگرتوو و توندڕەو لە فەرماندەکان دروست بکات کە بە تەواوەتی دڵسۆزی ڕێبازە نوێیەکەی بن. پەیامی ئەم دەستنیشانکردنە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوەیە، کە ئێران نەک هەر پاشەکشە لە ستراتیژییە دەریاییەکانی ناکات، بەڵکو ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە دەکات.

ئەم بڕیارە تەنها چەند ڕۆژێک دوای گۆڕانکارییەکان لە لوتکەی ئەرکانی سوپا و هێزەکانی بەسیج دێت، کە نیشانەی ئەوەیە موجتەبا خامنەیی دەیەوێت پێش یەکلابوونەوەی ئەنجامی دانوستانەکان، پێگەی ناوخۆیی و سەربازیی خۆی بە تەواوەتی قایم بکات. تاوەکو ئێستا ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە وریاییەوە چاودێریی ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی ناو ئێران دەکەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.