موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە بڕیارێکی نوێدا حوسێن تائیبی وەک فەرماندەی هێزەکانی بەسیج دەستنیشان کرد. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی ئەمنی و سەربازیی ڕێبەری نوێی ئێران بەسەر دامەزراوە هەستیارەکانی وڵاتدا دەبینرێت.
حوسێن تائیب کە پێشتر بۆ ماوەیەکی درێژ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران بووە، یەکێکە لە کارەکتەرە هەرە نزیک و متمانەپێکراوەکانی موجتەبا خامنەیی. دەستنیشانکردنی تائیب بۆ ئەم پۆستە، نیشانەی گەڕانەوەی ئەو کارەکتەرە ئەمنییە توندڕەوانەیە بۆ ناو جەرگەی بڕیاردان کە شارەزاییەکی زۆریان لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و بەڕێوەبردنی جەنگی سێبەردا هەیە.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە موجتەبا خامنەیی دەیەوێت لە ڕێگەی تائیبەوە ڕێکخستنی نوێ بە هێزەکانی بەسیج بدات، کە گەورەترین ڕێکخراوی نیمچە سەربازیی وڵاتەکەیە. ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە ئێران لەژێر فشارێکی توندی نێودەوڵەتی دایە و ڕێبەری نوێ دەیەوێت دڵنیا بێتەوە لەوەی کە هیچ درزێکی ئەمنی لە ناوخۆدا دروست نابێت.
هێزەکانی بەسیج دەورێکی سەرەکی دەبینن لە پاراستنی ئاسایشی شارەکان و بەرپەرچدانەوەی خۆپیشاندانەکان، هەروەها وەک یەدەگێکی مرۆیی بۆ سوپای پاسداران هەژمار دەکرێن. دانانی تائیب لەم ساتەوەختەدا پەیامێکی ڕاشکاوە بۆ هەموولایەک کە قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی موجتەبا خامنەیی، قۆناغی ئەوپەڕی توندی و چاودێریی ئەمنی دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.