بەپێی ڕاپۆرتێکی بەشی فارسیی "دەنگی ئەمریکا"، کۆمەڵگەی ئێران ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی قووڵ بووەتەوە، بە جۆرێک کە ئێستا نزیکەی 42 ملیۆن هاووڵاتی بە سنگڵی و بەبێ هاوسەرگیری دەژین. ئەم ئامارە ترسناکە نیشانەی تێکچوونی بنەماکانی خێزانە لە وڵاتەکەدا، کە تێیدا نزیکەی نیوەی دانیشتووان نەیانتوانیوە یان نایانەوێت ژیانی هاوبەش پێک بهێنن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێران بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە ئارەزووی چوونە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیرییان نییە. لە لایەکی دیکەشەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە پێشتر هاوسەرگیرییان کردووە، هەست بە بێزارییەکی قووڵ دەکەن و بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ جیابوونەوە و تەڵاق، ئەمەش وای کردووە جێگیریی خێزانی لە ناو شەقامی ئێرانیدا بکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
یەکێکی دیکە لە تەحەدا هەرە گەورەکان، دیاردەی "نەویستنی منداڵ"ـە لە ناو ئەو خێزانانەی کە هێشتا پێکەوە ماونەتەوە. زۆربەی هاوسەرەکان ئامادە نین بەرپرسیارێتیی منداڵ بگرنە ئەستۆ، کە ئەمەش مەترسیی پیربوونی خێرای دانیشتووانی ئێرانی لە ئایندەیەکی نزیکدا دروست کردووە. شارەزایانی کۆمەڵایەتی دەڵێن بێئومێدی لە باشبوونی بارودۆخ و قەیرانە داراییە بەردەوامەکان، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان پەنا بۆ ژیانی تەنهایی ببەن.
ئەم پەرەسەندنە کۆمەڵایەتییە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئێران چەندین جار هەوڵی داوە لە ڕێگەی هاندان و پێدانی قەرزەوە گەنجان بەرەو هاوسەرگیری ڕابکێشێت، بەڵام ئامارە نوێیەکان نیشانی دەدەن کە ئەم هەوڵانە شکستیان هێناوە. چاودێران هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی ئەم دۆخە، نەک هەر کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەبێت، بەڵکو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هێزی کار و گەشەی ئابووریی وڵات لە ساڵانی داهاتوودا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.