ئەمڕۆ یەكشەممە 9ی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەردار یوكسەل ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەردار یوكسەلی كرد و خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند كە گەنجێكی كورد توانیویەتی ڕۆڵی لە ناوەندە سیاسی و پەرلەمانییەكانی وڵاتی ئەڵمانیادا هەبێت و دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونەكانی كرد لە بوارە جۆراوجۆرەكان و بەرگریكردن لە دۆزی كورد و پەنابەران لە ئەڵمانیا.
سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بنەما و پڕەنسیپەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، جەختی لە ئاشتیانەبوونی دۆزی گەلی كوردستان كردەوە كە دەبێ كێشەی گەلی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ و بە شێوازی سەردەمیانە چارەسەر بكرێت.
هەر لەو دیدارەدا سەردار یوكسەل پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە ئازادیخوازی و خەباتی گەلی كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆر و پاڵپشتیكردنی دۆزی كورد لە ڕۆژئاوا هەبوو، ئەوەشی خستەڕوو كە لە ئەڵمانیا و زۆر شوێنی تری جیهاندا خەڵك هەیە كە دۆست و پشتیوان و هاوسۆزی ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستانن.
سەردار یوكسەل هەروەها ئەزموونی هەرێمی كوردستانی بە بەرز و بەهادار لە قەڵەم دا كە پێویستە پشتیوانی بكرێت. پێزانینشی بۆ ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەبوو لە یارمەتیدان و هاوكاریكردنی لێقەوماوان و ئاوارە و پەنابەران.
بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆر تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.