Erbil 31°C ھەینی 07 ئاب 21:13

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری چەک و تەقەمەنیی مانگی تەممووزی ڕاگەیاند

100%

لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بۆ ڕێکخستنەوەی چەک و قەتیسکردنی لە دەستی دەوڵەتدا، وەزارەتی ناوخۆ ئاماری چالاکییەکانی مانگی تەممووزی ڕابردووی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەست بەسەر هەزاران پارچە چەک و بڕێکی زۆر تەقەمەنیدا گیراوە.

لیوا مەنسوور عەلی سوڵتان، سکرتێری لێژنەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت ڕایگەیاند؛ لە ماوەی مانگی تەممووزدا، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دەست بەسەر 2,797 چەکی جۆراوجۆر و 16,616 فیشەک بە عەیاری جیاوازدا بگرن. هەروەها دەستبەسەر 325 مووشەک و بۆمب، لەگەڵ 1,072 ماددەی جۆراوجۆری تەقەمەنیدا گیراوە.

سەبارەت بە پڕۆسەی یاسایی کردنی چەکی هاووڵاتییان، بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد، کە 20,792 چەکی کەسیی سووک لە نووسینگەکانی تۆمارکردن جێگیر کراون. هاوکات 2,106 پارچە چەکی ئەو هاووڵاتییانەی کە وەک مراجع سەردانی فەرمانگە دەوڵەتییەکان و فڕۆکەخانەکانیان کردووە (کە زۆربەیان دەمانچە بوون) لە سیستەمدا تۆمار کراون.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان، 293 چەکی سووکی لە وەزارەتە مەدەنییەکان کێشاوەتەوە. وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە کە پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەکی نایاسایی و ڕێکخستنەوەی چەک لە ژێر چاودێریی دەوڵەتدا بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بە تەواوی پارێزراو بێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.