Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 23:21

دەستەی ناوچە کوردستانییەکان وەڵامی پارێزگاری کەرکووک دەداتەوە: ماددەی 140 نەخشەڕێگەیەکی دەستوورییە

100%

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی لێدوانەکانی محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکوکی دایەوە سەبارەت بە ماددەی 140ـی دەستوور، کە تێیدا ماددەکەی بە گەورەترین هەڵەی ستراتیژی وەسف کردبوو.

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە دەستووری عێراق بنچینەی سەرەکیی سیستەمی حوکمڕانییە و پەیمانێکی ڕاستەقینەیە لە نێوان گەلانی عێراقدا. ئاماژە بەوەش کراوە کە ماددەی 140 وەک دیارترین نەخشەڕێگە ڕۆڵی خۆی بینیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی دێرینی نیشتمانی، کە ئەویش پرسی ناسنامەی ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی عێراقە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێمانوایە دەستوور ڕێگەیەکی هاوسەنگی بۆ داڕشتووین بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، بۆیە هەر جۆرە لێدوانێکی نادەستووری لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە کە پێچەوانەی دەستوور بێت، ڕەتی دەکەینەوە.

دەستەی ناوچە کوردستانییەکان داوای لە پارێزگاری کەرکووک کردووە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا گیانی پێکەوەژیانی ڕاستەقینە لە شارەکەدا زاڵ بکات و خۆی بەدوور بگرێت لە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانەی پێچەوانەی دەستوور و ئیرادەی گەلانی عێراقن. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لێدوانی لەو شێوەیە تەنیا بێ متمانەیی فراوان دەکات و تەرکیز لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکان لادەدات، کە لە ئێستادا کەرکووک پتر لە هەموو کاتێک پێویستی پێیەتی.

کوردستان عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.