بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتییەکانی عێراق، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و لە کۆبوونەوەکەدا مۆڵەت بۆ داماڵینی چەکی گرووپە نایاساییەکان دیاری کرا و جەخت لە دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێیە ناوچەییەکان کرایەوە.
شەوی ڕابردوو چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، میوانداریی 37ـەمین کۆبوونەوەی خولیی "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت"ی کرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتییەکانی عێراق و سەرکردەی هێزە نیشتمانییەکان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی وزاری و سنووردارکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا کرایەوە. هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاند، کە بەپێی دەستوور، دروستکردنی هەر ڕێکخراوێکی چەکدار لە دەرەوەی هێزە فەرمییەکان تاوانە. ئامادەبووان داوایان کرد کە پابەندبن بە کاتنامەی دیاریکراو بۆ داماڵینی چەک، کە تاوەکو 30ی ئەیلوولی 2026 دیاری کراوە، ئاماژە بەوەش درا کە دوای ئەو ڕێکەوتە، بە یاسای "دژەتیرۆر" مامەڵە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی چەکداریی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەکرێت.
بەشداربووان بە توندی هێرشەکانی سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان سەرکۆنە کرد. هاوکات جەخت کرایەوە کە نابێت خاکی عێراق وەک سەرچاوەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، یان عێراق پەلکێشی ناو شەڕ و ململانێیانەک بکرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق ناکەن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی دارایی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان تاوتوێ کران. ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستیی هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت، زیادکردنی داهاتی نانەوتی و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و گەندەڵی کردەوە، تاوەکو بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان مسۆگەر بکرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوای خێراکردنی پڕۆسەی تەواوکردنی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی کرد، تاوەکو کارنامەی حکوومەت ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و بە فەرمی پەسند بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.