سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ سێشەممە (4ی ئابی 2026)، دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەندین ئامانج لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی کە تەلئەڤیڤ بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن حیزبوڵاوە وەسفی کردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانیان دەستیان کردووە بە پێکانی بنکە و بارەگاکانی حیزبوڵا لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان. ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە گرووپی حیزبوڵڵا پابەند نەبووە بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕ و چەند "پێشێلکارییەکی مەیدانی" ئەنجامداوە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە تەنها ماوەیەکی کەم دوای جێگیربوونی ئاگربەستێکی ناسەقامگیر دێت کە ئامانج لێی هێورکردنەوەی بەرەی باکووری ئیسرائیل و باشووری لوبنان بوو. چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن کە دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان مەترسیی هەرەسهێنانی تەواوەتیی ڕێککەوتنەکە و هەڵگیرسانەوەی خولی نوێی پێکدادانی سەربازیی لێ دەکەوێتەوە.
تاوەکو ئێستا گرووپی حیزبوڵای لوبنانی هیچ کاردانەوەیەکی فەرمیی بەرامبەر بە تۆمەتەکانی ئیسرائیل و هێرشە نوێیەکان نیشان نەداوە. هاوکات لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە نێوەندگیریی ڕێککەوتنەکەیان کردبوو، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن تاوەکو ڕێگری لە فراوانبوونی بازنەی شەڕەکە بگرن.
ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ بوونی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتۆن، کە تێیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ چەندین کۆبوونەوەی لەبارەی داهاتووی ئەمنیی ناوچەکە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە بریکارەکانی ئەنجامداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.