Erbil 31°C سێشەممە 22 ئەیلوول 16:07

هەڵگورد شێخ نەجیب: لە ساڵی داهاتوودا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەچێتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر

100%

لە ماوەی پێنج ساڵدا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش دەڵێت کە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت شۆڕشێکی گەورەی ئاوەدانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری لە تەواوی قەزا و ناحیەکانی سنوورەکە دەستیپێکردووە، هاوکات قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی گەشتیاری و پڕۆژە ستراتیجییەکانی خستەڕوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە ئیدارەکە تەنیا ناو نابێت، بەڵکو بە کردەیی دەسەڵاتەکان شۆڕ دەکرێنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شێوەیەکی بەرفراوان دەست پێ دەکات، ئەوەش لە ساڵانی سەرەتادا سەلمێنرا بە دەستپێکردنی شۆڕشێکی ئاوەدانی لە تەواوی بوارەکانی وەک ڕێگاوبان، ئاو و کارەبا لە هەموو قەزا و ناحیەکان، نەک تەنیا لەناو سەنتەری قەزای سۆران.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکانیان بە دوو ئاراستە بوون، پڕۆژە ستراتیجییەکان و پڕۆژە سەرەتایییەکانی خزمەتگوزاری و قیرتاوکردنی کۆڵانەکان. سەبارەت بە ڕێگاوبانیش گوتی: "لە سەرەتای دروستبوونی ئیدارەکەدا تەنانەت یەک مەتریش جووتساید نەبوو، کاتی خۆی بە هەموو ناوچەکە 100 ئۆتۆمبێلی لێ نەبوو، بەڵام ئێستا 100 هەزار ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران تۆمارە، جگە لە ئۆتۆمبێلی گەشتیاران، بۆیە دروستکردنی ژێرخانی پتەوی ڕێگاوبان لە بەرنامەی سەرەکیمان بوو تاوەکو خزمەت بە کەرتی گەشتیاری و بازرگانی بکات". هەروەها ئاماژەی بە کردنەوەی شەقامی 40 مەتری لەلایەن سەرۆکی حکوومەت و پڕۆژەی جووتسایدی سپیلک - خەلیفان کرد کە کاریگەریی زۆریان لەسەر کەمکردنەوەی جەنجاڵیی ناوشار هەبووە.

هەڵگورد شێخ نەجیب ڕوونیکردەوە، جوگرافیای سۆران زۆر بەرفراوانە و ڕووبەرەکەی 5,700 کیلۆمەتر دووجایە کە 6 قەزا، 13 ناحیە و 850 گوند لەخۆ دەگرێت، بۆیە خزمەتگوزاری تەنیا لە سەنتەری سۆران چڕ نەکراوەتەوە، بەڵکو لە قەزاکانی ڕواندز، چۆمان، سیدەکان، مێرگەسۆر و خەلیفانیش کاریان لەسەر کراوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی ئیدارەی سۆران کراوە بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی بودجە بەسەر سەرجەم ناوچە و گوندەکاندا بە مەبەستی بە ئاوەدانکردنەوەیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هەڵگورد شێخ نەجیب باسی لەوە کرد: بەستنەوەی سۆران بە هەولێری پایتەختەوە گرنگییەکی زۆری بۆ جووڵەی بازرگانی هەیە، بەتایبەت کە لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا سنوور و دەروازەیان هەیە. سەبارەت بە پڕۆژەکانی ئێستاش گوتی: سەرەڕای قەیرانی دارایی، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن ئەو پڕۆژانەی دەستیان پێ کراوە پێش هاتنی وەرزی زستان تەواو بکرێن، لەوانەش پڕۆژەکانی ناو گەڕەکەکانی بەختیاری، برادۆست و بارزان لە سۆران و چەندین شوێنی دیکە لە قەزاکان.

لەبارەی ماستەرپلانی گەشتیاری و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیشەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاشکرای کرد: لە چوارچێوەی ماستەرپلانەکەدا دیزاینی کۆڕنیشی گەلی کاولۆکان تەواو بووە و سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزارەکانیین، هاوکات دیزاینی پارکێکیش تەواو بووە و دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، هەروەها دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ژێرخان، لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغی دووەمی پڕۆژەی گەشتیاریی بێخاڵ دەست پێ دەکات و لە ساڵی داهاتوودا سۆران دەچێتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.