Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 10:29

تڕەمپ: گەرووی هورمز دەکرێتەوە یان ئێران ڕووبەڕووی توندترین هێرشی سەربازی دەبێتەوە

100%

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بەمزووانە دەکرێتەوە، هاوکات هۆشداریی دایە تاران کە لە ئەگەری شکستهێنانی وتوێژە دیپلۆماسییەکان، ڕووبەڕووی هێرشی سەربازیی توند دەبنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی ئاب، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی Fox News ئاشکرای کرد، ئەمریکا لە ئامادەکاریدا بوو بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی بێوێنە کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هاوشێوەی نەبووە، بەڵام لایەنی ئێرانی داوای وتوێژی کردووە. ناوبراو گوتی: یان گەرووەکە بەمزووانە دەکرێتەوە، یان ئێران گورزێکی زۆر بەهێزی بەردەکەوێت، کە دواجار هەر دەبێتە هۆی کردنەوەی گەرووەکە.

تڕەمپ جەختی کردەوە، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت گەرەنتییە فەرمییەکان بۆ ئەم مەبەستە بەشێکی سەرەکی بن لە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو.

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە بەرپرسانی تاران کە ئەگەر لە وتوێژەکان بکشێنەوە، گورزێکی زۆر توندیان بەردەکەوێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن پێش پەنابردن بۆ بژاردەی دیپلۆماسی، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی ئامادە کردبوو.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، تڕەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا گفتوگۆی زۆر باش لە ئارادایە، سەرەڕای ئەوەی ئێران بەردەوام بوونی هەر جۆرە وتوێژێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن ڕەت دەکاتەوە. تڕەمپ گوتی: ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، دەبینین چی ڕوودەدات، بەڵام ئەگەر ڕێکنەکەون، ئەوا بارودۆخەکە بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.