Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 02:58

مەزڵووم عەبدی: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دۆزی کورد دەبێت

100%

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پێشوازیی لە سەردانە "مێژووییەکەی" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا کرد و وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ سەقامگیری وەسفی کرد.

عەبدی لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە ئەم سەردانە جێگەی "خۆشحاڵییەکی گەورەیە". ئاماژەی بەوەش کرد کە نێچیرڤان بارزانی هەمیشە ڕۆڵێکی دیار و گرنگی هەبووە لە پشتیوانیکردنی دۆزی کورد لە سووریا و تەواوی کوردستان بە گشتی.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەسەر ئومێدی خۆی کردەوە کە ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بارودۆخی ناوچەکە هەبێت. ئەو وتی: "بڕوامان وایە ئەم سەردانە دەبێتە هۆی دروستبوونی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر سەقامگیریی سووریا و هەنگاوێکی کاریگەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا."

ئەم هەڵوێستەی مەزڵووم عەبدی تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە نێچیرڤان بارزانی لە دیمەشق لە لایەن ئەحمەد شەراع، سەرۆک کۆماری سووریاوە پێشوازی لێکرا و هەردوولا باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان کرد.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق و پێشوازیی لایەنە کوردییەکانی سووریا لێی، ئاماژەیە بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکی نوێ لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە سووریا لە قۆناغی گۆڕانکاریی سیاسی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئارامی دایە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.