جۆن نێکسۆن، لێکۆڵەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کە یەکەمین کەس بوو لێپرسینەوەی لەگەڵ سەددام حوسێن ئەنجامدا، چەند وردەکارییەکی نوێی لەبارەی کەسایەتیی سەرۆکی پێشووی عێراق و بڕیارە قورسەکانی بڵاوکردەوە.
نێکسۆن لە گێڕانەوەیەکی نوێیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا هەستی بە "پەشیمانییەکی یەکجار زۆر" لە لایەن سەددام حوسێنەوە کردووە سەبارەت بە بڕیاری لەسێدارەدانی لیوا ڕوکن "کامل جەنابی". جەنابی کە پێشتر یەکێک بوو لە ئەفسەرە نزیکەکانی سەددام، بە تۆمەتی داڕشتنی پیلانی کودەتا لەسێدارە درابوو، بەڵام نێکسۆن دەڵێت سەددام دواتر تێگەیشتبوو کە بڕیارەکەی هەڵە بووە و یەکێک بووە لەو دەگمەن حاڵەتانەی کە تێیدا هەستی بە نادمبوون کردووە.
سەبارەت بە تاوانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، لێکۆڵەرە ئەمریکییەکە ئاشکرای کرد کە سەددام حوسێن بە توندی ڕەتی کردووەتەوە بچێتە ناو وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە و تەنها وتوویەتی: "لە نزار خەزرەجی بپرسن" (فەرماندەی پێشووی ئەرکانی سوپای عێراق). نێکسۆن ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەددام لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە کیمیاییە بۆ سەر کوردەکان.
جۆن نێکسۆن لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ڕەخنەی توندی لە دەزگاکەی خۆی (CIA) گرتووە و تۆمەتباری کردووە بەوەی "زیادەڕۆیی"یان کردووە لە وێناکردنی کەسایەتیی سەددام حوسێن وەک شێوازێکی مەترسیدار کە کۆنتڕۆڵی هەموو وردەکارییەکی عێراقی لەدەستدا بێت.
هەروەها نێکسۆن باسی لەوە کردووە کە سەرکەوتنی سەددام لە خۆحەشاردان دوای ڕووخانی بەغدا لە ساڵی 2003، پەیوەندی بە "ئاڵۆزییەوە" نەبووە، بەڵکو بەهۆی "سادەیی" پڕۆسەکەوە بووە؛ ئەو تەنها پشتی بە بازنەیەکی زۆر بچووک لە کەسە هەرە نزیکەکانی بەستبوو، کە ئەمەش وای کردبوو بۆ ماوەیەکی درێژ لە چاوی هەواڵگریی ئەمریکا دوور بکەوێتەوە.
ئەم ئاشکراکردنانەی جۆن نێکسۆن جارێکی دیکە تیشک دەخەنەوە سەر پاشخانی مێژوویی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق و چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکانی وەک کارەساتی هەڵەبجە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.